دكتۆرێك هۆشدار دەداتە خەڵك كە تووشی شێرپەنجە دەبێت

د. یاداشت سالح لە نووسینێكدا كە لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فیسبووك بڵاوی كردۆتەوە، هۆشداری دەدات لە مەترسیەكی جدی لە هەرێمی كوردستان و دەنووسێت”ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار لەتەمەنمدا تیشکی ئێکس (ئەشیعە)ی سنگم گرت، ئەوەش پاش ئەوەی نزیکەی ۳ مانگە کۆکەی وشکم هەیە، لە شوێنکارەکەم چەند هاوڕێیەک تووشبوون و کەمێکیش سنگ ئێشەم هەبوو (پێشتر PCR م کردبوو، نێگەتیڤ بوو). بەڵام هەر خۆم چەندین نەخۆشم بینیوە تیشکی تەنوری CT SCAN ی بۆخۆی کردووە، تەنانەت بێ ئەوەی پزیشک بۆی بنووسێت و پێویست بکات.

هەروەها دەشنووسێت” بەداخەوە، ڕۆژانە سەردانیکەر دێنە نەخۆشخانەکان داوای CT SCAN دەکەن و خۆیان سەربەخۆیانە دەیکەن، وەک ئەوەی بچنە مارکێتێکەوە و داوای پسکیتێک بکەن!

د. یاداشت سالح لە بابەتەكەی دەنووسێت، بەڕێزان، هەر تیشکێکێ تەنوری کە دەیگرێت وەک ئەوە وایە بەنزیکەیی ۲۰۰ (دوو سەد) تیشکی ئێکس (X_Ray)یت گرتبێت! ئەم تیشکانەش پێکهاتوون لە Ionizing Radiation، کە زیان بە جینات و DNA دەگەیەنن و دەشێت لەئایندەدا ببێتە هۆکاری تووشبوونت بە شێرپەنجە و مەترسی جددی لەسەر تەندروستیت دروست بکات.

لە كۆتایشدا دكتۆرەكە دەنووسێت” هەربۆیە، گرنگە خۆکردانە و بێ پرسی پزیشک، ئەم پشکنینە بۆخۆت ئەنجام نەدەیت. چوونە ناو چارەخانەکان، وەک چوونە ناو مارکێتەکان نییە ئارەزوی چیت کرد داوای بکەیت. ئەنجامدانی هەر پشکنینێکی پزیشکی پێویستی بە کۆمەڵێک بنەما هەیە بۆ کردنی، لەغیابی بوونی ئەو بنەمایانە لەنەخۆشکەدا، زیانەکانی زیاترە لە قازانجی.

 

Back to top button