هەنگاو بۆ چارەسەری ریشەی كێشەی دارای لەكوردستان دەنرێت
خواكوڕك
دكتۆر ئاراس خۆشناو سەرۆكی سەنتەری توێژینەوەی ستراتیژی ئابوریی كوردستان رایدەگەێنێت، لە سەرەتای بڕینی بەشەبوودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە، بۆ ماوەیەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان تا بۆچوونی لایەنە سیاسییەكانی لەبارەی هەناردەكردنی نەوتەوە بە شێوەی سەربەخۆ وەرگرت، مووچەی فەرمانبەران هەر دابەش دەكرا، بەوەیش حكوومەت قەرزی لە كۆمپانیاكانی نەوت كردبوو و قەرزێكی زۆر كەوتە سەر هەرێمی كوردستان، بەڵام ئێستا مانگانە ئەو قەرزە دەدرێتەوە بە كۆمپانیاكان ئەویش بە دوو شێوەیە، یەكەمیان قەرزی پێشتر، دووەمیان حەقدەستی كۆمپانیاكانە لە بەرهەمهێنانی نەوت، لەبەر ئەوە پێشبینی دەكەم تا مانگی ئاداری داهاتوو ئەگەر قەرزی كۆمپانیاكان كۆتایی نەیەت، ئەوە بێگومان زۆر كەم دەبێتەوە، بەوەیش داهاتی حكوومەتی هەرێم زۆر زیاد دەكات”.
سەرۆكی سەنتەری توێژینەوە و ستراتیژی ئابوریی كوردستان بە ماڵپەری فەرمی پارتی راگەیاندووە، سیستمی مووچە گونجاو نییە و یەكێك لە راسپاردەكانی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دوای كۆبوونەوەكە، ئەوە بووە كە پێداچوونەوە لە سیستەمی مووچەدا بكرێت دەلێت سیستمی مووچە لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا، سیستمێكی هەڵەیە و لە سەردەمی برێمەر دانراوە و دواتر لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا پەسەند كراوە لەبەر ئەوەش دەستكاریكردنی رەنگە زەحمەت بێت، بەڵام پێویستە گۆڕانكاری تێدا بكرێت و سیستمێكی پێشكەوتوو و باشتر پەیڕەو بكرێت، یەكێك لە راسپاردەكانی سەرۆك بارزانیش لە دوای كۆبوونەوەی لەسەر پڕۆژەی چاكسازی ئەوەیە، گۆڕانكاری لە سیستمی مووچەدا بكرێت و حكوومەتی راسپاردووە بۆ ئەم مەبەستە”.
خۆشناو ئەوەشی بە ماڵپەرەكە گوتووە، پڕۆسەی بایۆمەتری تا مانگی ئاداری داهاتوو كۆتایی دێت و ئەوانەی زیاتر لە مووچەیەك سوودمەند بوونە، مووچەكانیان دەبڕدێت و بەو هۆیەوە داهاتێكی زۆر بۆ گەنجینەی حكوومەت دەگەڕێتەوە، چونكە هەر فەرمانبەرێك مووچەیەكی دەبێت و دوو مووچە نامێنێ، تەنیا بۆ ئەوانە نەبێت كە یاسا رێگەی پێ داون وەك خاوەن پێداویستیی تایبەت و كەسوكاری شەهیدە سەربەرزەكان”.