عه‌بادی چه‌ند نهێنیه‌ك بۆ په‌رله‌مانتارانی عێراق ئاشكراده‌كات

خواكوڕك

دوای په‌سه‌ند كردنی یاسای بووجه‌ی عێراق پرسیارێك لای زۆربه‌ی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان درووست بووه‌ له‌باره‌ی ناردنی بووجه‌ی پێشمه‌رگه‌ و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ش عه‌بادی به‌ په‌رله‌مانتارێكی كوردی راگه‌یاندووه‌ ته‌نها مووچه‌ی 650 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر ده‌نێرن.

رۆژی شه‌مه‌ 14/1/2017 حیدر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری په‌رله‌مانی عیراق كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجامداوه‌ و رایگه‌یاندووه‌، با هه‌رێمی كوردستان نه‌وتی خۆی بفرۆشێت و كێشه‌ داراییه‌كانی چاره‌سه‌ر بكات.

شاخه‌وان عه‌بدوڵا ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری په‌رله‌مانی عیراق رایده‌گه‌ینێت، “له‌باره‌ی ره‌وشی پێشمه‌رگه‌وه‌ پرسیارم له‌ عه‌بادی‌ كردو پێم وت بۆچی موچه‌كانیان نانێریت، ئه‌ویش وتی خۆتان نه‌وتتان هه‌یه‌و ده‌یفرۆشن له‌پاره‌ی نه‌وته‌كه‌ موچه‌ی پێشمه‌رگه‌ی لێبده‌ن”.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ له‌باره‌ی وه‌ڵامی پرسیارێكی نێچیرڤان بارزانی به‌ مالپه‌ڕی خه‌ندانی راگه‌یاندووه‌، ” ئه‌گه‌ر هه‌رێم هه‌موو نه‌وتی كوردستان راده‌ستی‌ به‌غدا بكات و فه‌رمانبه‌ر بنێرنه‌ سه‌ر بیره‌كان ئه‌وكات موچه‌ی هه‌رێم ده‌نێرێت؟” له‌ وه‌ڵامدا عه‌بادی‌ وتویه‌تی‌ “نه‌خێر ته‌نها موچه‌ی 650 هه‌زار كه‌س ده‌نێرم”.

له‌سه‌ر پێشنیاری یه‌كێتی گۆڕان و كۆمه‌ڵ پرۆژه‌یاسای حه‌شدی شه‌عبی له‌ په‌رله‌مانی عێراق جێگیركرا، دواتر له‌ دۆخێكی گوماناویدا له‌ماوه‌ی یه‌ك كاتژمژێر ئه‌و ماده‌ی و بڕگانه‌ی له‌ده‌ستوری عێراق په‌یوه‌ست بوون به‌ بووجه‌ و مووچه‌ی خه‌ڵكی كوردستان تێپه‌ڕێنران، له‌كاتێكدا به‌هۆی ناكۆكی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی سونه‌ و شیعه‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ به‌رده‌وام دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان دوا ده‌خران.

Back to top button