بەهێزبوونەوە لەناو دۆزەخدا
ئاماژەكان دەرخەری ئەوەن دراوسێكانمان بە حكوومەتی عێراقیشەوە حەز دەكەن هەرێمی كوردستان هەر نەمێنێ، ئەگەر بۆشیان نەچووە سەر دەیانەوێ گۆشەگیر و لاواز و بێ هەیبەت بێ. هەر بە جددی لەنێو ناوەندەكانی بڕیاری ئەو سێ وڵاتە بۆچوون هەیە كە پێیوایە هەرێمی كوردستان لەڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە كیانێكی ناسرووشتییە كە لە نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو هەتا ئێستا بووەتە مایەی سەرئێشە و نیگەرانییان. هەر چەندە هەرێمی كوردستان ئەو پەڕی هەوڵی داوە بۆ ئەوەی دراوسێكان وەك سەرچاوەی هەڕەشە نەیبینن بەڵام كێشە عەقلیەت و دیتی شۆڤێنییە كە بوونی كیانێكی تەنانەت دەستووریش بەناوی هەرێمی كوردستان تەحەمول ناكەن.
دوای ئەوەی پێشمەرگە توانی داعش بشكێنێت و خاكی كوردستان بە خوێنی خۆی ئازاد بكات ئەو نیگەرانییەی وڵاتانی دەروبەر زیاتر بوو و لەو كاتەوە ستراتیژیی هاوبەشیان هەیە بۆ بچووككردنەوەی پێگەی هەرێم. ئەمە لە ڕووداوەكانی دوای ڕیفراندۆم و شازدەی ئۆكتۆبەر و داگیركردنی كەركووك و عەفرین باشتر خۆی نیشان دا. دانبەخۆداگرتنی و مقاوەمەی كورد لەدوای شازدەی ئۆكتۆبەر وای كرد شەپۆلەكانی ئەو ستراتیژییە نوێیەی دراوسێكان ڕابگرێ و پێگەی خۆی لە عێراق و ناوچەكەدا بپارێزێ. بەڵام ئەوە كۆتایی چیرۆكەكە نییە چونكە نییەتی نەهێشتن یان لاوازكردنی هەرێم هەر وا بەرقەرارە و كاریشی بۆ دەكرێت.
پەتای كۆرۆنا و قەیرانی ئابووری كە كوردستان و عێراق و ناوچەكە و جیهانی گرتووەتەوە هەرێمی خستووەتە باری لاواز. قەیرانە سیاسییەكانیش هێندەی تر كۆسپ دەخەنە بەردەم پێگە و كاریگەریی هەرێم. ڕووداوەكانی چەند ساڵی ڕابردوویش بە ڕوونی پێشانی دا كە لۆژیكی هێز یەكلاكەرەوەی هاوكێشەكانە. ئەمە بۆ كورد كارەساتبارە، چونكە كورد خاوەنی سەروەری و پێگەی پێویست لە ئاستی یاسای نێودەوڵەتی نییە. بۆیە لە قەیران و كێشە و گوشارەكاندا لاوازترین ئاڵقەی نێو ململانێكان دەبێت. چارەسەری ئەو لاوازییە تەنیا یەك شتە ئەوەیش گەڕان بەدوای سەرچاوەكانی هێزە.
كورد دەتوانێ بەهێز بێت و فاكتەرەكانی ئەو بەهێزبوونەی لەبەر دەستە. ئەگەر بیەوێ كیانی هەرێمی كوردستان بمێنێت، دەبێ كار بۆ بەهێزبوونی بكات ئەگینا دەبێتە نێچیری ستراتیژیی لەناوبردنی هەرێم.
یەكەم فاكتەری بەهێزیی كوردستان، خاوكردنەوەی گرژی و كێشە ناوخۆییەكانی كوردستانە. لایەنە سیاسییەكان دەبێ لەوە بگەن كە سەرباری ناكۆكییەكانیان دەبێ هەندێ هێڵی گشتیی ستراتیژی هەبێ دەستی پێوە بگرن و لەسەری ڕێك بكەون. چونكە مان و نەمانی كوردستانی بەوە بەندە كە هەموویان ئەو خاڵە ستراتیژیی و جەوهەرییانە ببینن. هەر لەسەر ئەو بنەمایەشە كە دەبێ هێزە سەربازی و ئەمنییەكانی هەرێم بخرێتە نێو چوارچێوەیەكی نیشتیمانی.
خاڵی تری بەهێزتركردنی دامەزراوە نیشتیمانییەكانی هەرێمە كە بەهۆی ململانێی حزبەكان لە كاریگەرییان كەم بووەتەوە. ڕاگەیاندنەكانیش دەكرێ سەرچاوەی هێزی هەرێمی كوردستان بن. هەرێمی كوردستان لەچاو ڕێژەی دانیشتوان و ئەندازەی جیۆگرافیاكەی لەچاو دەوروبەری زۆرترین ڕاگەیاندنی هەیە. بە داخەوە ئەو ڕاگەیاندنە بەرفراوانە لەبری خزمەتی بەرژەوەندییەكانی هەرێم و هاووڵاتیان بووەتە ئامرازێك بۆ كەوڵكردنی كورد و پەرەپێدانی ناكۆكی و پەرتەوازەیی و دژایەتیكردنی خودی كوردستان و، ئینجا شێواندنی باری دەروونی خەڵك و برەودانی نالایەقی و ئاست نزمی و هۆشیاریی سەتحی و پەروەردەی نادروست و دەمهەڕاشی.
دەبوایە ئێستا ڕاگەیاندنەكان بەهێزترین چەكی بەر دەستی هەرێمی كوردستان بان بۆ بەرگریكردن لە كیانی هەرێم و هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتیمانی و بەرپەرچدانەوەی ئەو شەڕە دەروونییە پان و بەرینە كە لە ناوچەكەدا لەدژی كورد لە ئارادایە. ئێستا ڕاگەیاندنی كوردی هاوشان لەگەڵ ڕاگەیاندنەكانی تری ناوچەكە لەشەڕی تێكشكاندنی مرۆڤی كوردن.
كوردستان ئاو و زەویی بە پیتی هەیە. كشتوكاڵ و بەرهەمهێنانی خۆراكی خۆماڵی فاكتەرێكی تری بەهێزكردنەوەی كوردستانن. چونكە ڕاستەوخۆ خزمەتی ئاساییشی خۆراك و بونیەی جەستەیی هاووڵاتیان دەكات و ڕێگریش دەبێ لەوەی ساڵانە ملیاردها دۆلار بۆ هاوردەكردنی خۆراك و میوە بەفیڕۆ بچێت. ئاساییشی خۆراك هەبێت ئابڵۆقەدان و گوشارەكانی دەوروبەریش كاریگەریی كەمەرشكێنیان بۆ هەرێمی كوردستان نابێت.
خاڵی تر كە دەكرێ وەك سەرچاوەی هێز سەیر بكرێ، ئاستی ئاگایی و هۆشیاریی زانستی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانە. هەر وڵاتێك تاكەكانی هۆشیار و تیژبین بن بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی كاریگەریی لەسەر بەهێزبوونی گشت كەرت و سێكتێرەكانی وڵات دادەنێ.
فاكتەرێكی تری بەهێزبوونەوەی كوردستان دروستبوونی بڕوایەكی گشتییە لەناو خەڵكی كوردستان كە بۆ مانەوە و گەشەسەندنمان دەبێ پشت بە خۆمان ببەستین و هیوا لەسەر هیچ لایەنێكی تر هەڵنەچنین. دەبێ فێر بین و لەوە تێبگەین كە لەم جیهانەدا ئەگەر جاران گەلێكی تەنیا بووبین ئێستا تەنیاترین گەلین.
خۆدی تەنیاییش فرسەتێكە بۆ ئەوەی پشت بەخۆمان و ئەو هۆكارانە ببەستین كە دەكرێ ببنە سەرچاوەی هێز بۆ ئێمە. دەبێ فێر بین چاومان لە دەستی كەس نەبێ. خۆمان هیمەت و ئیرادەمان هەبێ. ئەمە لە ئاستی ژیانی تاكەكەسی بگرە هەتا ئاستی نەتەوەیی و نیشتیمانی. بیرمان نەچێ زۆربەی هەرە زۆری نەتەوە و گەلان، بە تاقی تەنیا تێكۆشاون و بۆ گەییشتن بە ئامانجەكانیان بە دۆزەخدا تێپەڕیون.