وەزیری دارایی بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت خەرجیەکان دەکرێتە ئەلیکترۆنی

دوای ئەوەی یاسای چاکسازی کەوتە واری جێبەجێکردن،لە چوارچێوەی هەنگاوە چاکسازییەکان، بڕیارە حکومەتی هەرێم خەرجییەکانی بەکاربردن بکاتە ئەلیکترۆنی و وەزیری دارایش رایگەیاندووە، بە ئه‌لکترۆنی کردنی خەرجییەکانی بەکاربردن بەشێکە لە پرۆسەی چاکسازی کە دەبێتە هۆی زیادبوونی شەفافییەت و کەمکردنەوەی گەندەڵی

ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری رایگەیاند لە چوارچێوەی یاسای چاکسازی  به‌ فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو خەرجییەکانی بەکاربردن لەم مانگەوە بە دیجیتاڵ دەکرێت.

 

هەروەها وەزیری دارایی و ئابووری راشیگەیاندووە لە پێناو نەهێشتنی روتین و هەوڵدان بۆ کارا کردن و چالاک کردنی کاروباری هاوڵاتییان و بە مۆدێرنکردنی کارەکانی حکومەت بڕیارمانداوە، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ دەبێت و ئەو پێشکەوتنە بەشێکە لە هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم هەروەها بەشێکیشە لە پرۆسەی چاکسازی کە سەرەنجام دەبێتە هۆی زیادبوونی روونی و شەفافییەت و کەمکردنەوەی گەندەڵی.

وەزیری دارایی دووپاتی کردەوە  ئەمە هەنگاوێکی گرنگە چونکە تا زیاتر بتوانین کۆنترۆڵی خەرجییە بەکاربەرەکانی حکومەت بکەین، زیاتر دەتوانین کار لەسەر پڕۆژەی گرنگ لە بواری خزمەتگوزاریی گشتی و سوودی هاووڵاتییان بکەین. وەزیری دارایی دەستخۆشیشی لە کارمەندانی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرێوەبەرایەتی گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی بۆ ئامادەکردنی ئەم سیستەمە کرد.

ئەم سیستەمە ئۆنڵاینە لەم مانگەوە لە هەموو دامودەزگاکانی حکومەت جێبەجێ دەکرێت و هەموو خەرجییەکانی حکومەت تا کۆتایی مانگی تەموز، لە رێگەی ئەم سیستەمەوە بەردەست دەبێت و داتاکان لە سەنتەری داتای حکومەت کۆ دەکرێنەوە. ئەمەش وا دەکات حکومەت کۆنترۆڵی بەسەر خەرجییەکانییەوە هەبێت و داتاکانیش دەتوانن بۆ دانانی پلانی ستراتیجیی دارایی یارمەتیدەر بن.

06 تەمووز 2020

Back to top button