سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

لەبارەی كوژرانی هیشام هاشمی، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان پەیامێك بڵاو دەكاتەوە و داواش لە حكوومەتی عێراق دەكات لە ماوەیەكی كەمدا بكەرانی ئەو كارە بە سزای یاسایی بگەیەنێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 07-07-2020 ، لە ڕاگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، تاوانی كوژرانی توێژەر و لێكۆڵەری دیاری عێراق هیشام هاشمی، رووداوێكە كە سەدان جاری تر وەك تاوانی كوشتنی رۆڵەكانی عێراق لە خۆپێشاندەران و خاوەن وشە ئازادەكان دووبارە دەبێتەوە.

لە ڕاگەیەنراوەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان باس لەوەش كراوە، ئێمە لە سەرۆكایەتی هەرێم سەركۆنەی ئەو پێشێلكارییە مرۆییە دەكەین و سەرەخۆشی لە هاوڕێ و كەسوكاری دەكەین، لە هەمان كاتیشدا داوا لە دەسەڵاتی فیدراڵی دەكەین ناسنامەی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە ئاشكرا بكات و رادەستی دادگا و دادپەروەرییان بكات.

شەوی ڕابردوو هیشام هاشمی لێكۆڵەر و شرۆڤەكاری سیاسی، لە بەردەم ماڵەكەی تیرۆر كرا، ئەوەیش كاردانەوەی گەورەی لەسەر ئاستی عێراق لێكەوتەوە.

Back to top button