هاوڕێکانی هیشام هاشمی ئامۆژگارییان کردبوو رووبکاتە هەولێر تاوەکو تیرۆر نەکرێت

هیشام هاشمی، لێکۆڵەری بەنێوبانگی عێراقی و شارەزای گرووپە تیرۆرسیتییەکان و داعش، کە شەوی رابردوو لە بەغدا تیرۆر کرا، پێش تیرۆرکردنی هاوڕێکانی ئامۆژگارییان کردبوو رووبکاتە هەولێر.

هاشمی، بەردەوام لە تەلەڤیزیۆنە عێراقییەکان دەردەکەوت و بەهۆی شارەزاییەکەشییەوە لەلایەن بەرپرسانی حکومەت، رۆژنامەڤانان، لێکۆڵەران و تەنانەت هاوپەیمانانیشەوە راوێژی پێدەکرا.

ئاژانسی (ئەسۆشێیتد پرێس) لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کە هیشام هاشمی چەند هەفتەیەک بەر لە کوژرانی، بە هاوڕێ و کەسوکاری خۆی گوتووە ترسی لەوە هەیە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، کە ئێران پاڵپشتییان دەکات، بیکوژن.

هەروەک ئەسۆشێیتد پرێس بڵاوی کردووەتەوە، هاوڕێکانی هیشام هاشمی داوایان لێکردووە بەهۆی ئەو مەترسییانەوە، چیتر لە بەغدا نەمێنێت و روو بکاتە هەولێر و لەوێ درێژە بە ژیانی بدات.

Back to top button