لە سنووری شەقڵاوە پشووی فەرمی بۆ سەرجەم فەرمانگەكان ڕاگەیەنرا
قایمقامی شەقڵاوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، پشووی فەرمی لە سنووری شارۆكەی شەقڵاوە لە سەرجەم فەرمانگەكانی حكوومی ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیەنراوێكی قایمقامیەتی شەقڵاوەدا هاتووە، بە هاووڵاتییانی شارۆكەی شەقڵاوە ڕادەگەیەنین، بەداخەوە لە چەند رۆژی رابردوو چەند حاڵەتێكی نەخۆشیی كۆرۆنا لە هەریر و سەنتەری شەقڵاوە تۆمار كراون.
ڕوون كراوەتەوە، بە راوێژ لەگەڵ پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر و بەڕێوەبەری شارەدێی هەریر، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخەكە بەگشتی، بڕیارمان دا دەوامی فەرمانگەكان لە سەنتەری شەقڵاوە و هەریر ڕابگیرێت.
باس لەوەش كراوە، لە ئەمڕۆوە تا 12ـی تەمووز كە دەكاتە رۆژی دووشەمی داهاتوو، بۆ سەرجەم فەرمانگەكان دەكرێتە پشوو جگە لە هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، تەندروستی، ئاو، شارەوانی و كارەبا، ئەویش تەنیا بۆ مەبەستی ئێشكگری و خزمەتگوزاری زۆر پێویست بێت و هاووڵاتییان سەردانیان نەكەن بۆ مامەڵە و كاری ئاسایی.
شەقڵاوە سەر بە پارێزگای هەولێرە و لە شارەدێیەكانی مەسیف، هیران ، هەریر، باسرمە، بالیسان پێكهاتووە، هەروەها 217 گوندیش لە خۆ دەگرێت، ژمارەی دانیشتووانی بریتییە لە 26 هەزار و 261 هاووڵاتی.