ماڵپەرێكی نزیك لە مالیكی هەواڵی دابەش بوونی حزبی دەعوە بۆ سێ ئاراستە بڵاو دەكاتەوە

خواكوڕك

بەگوێرەی هەواڵێكی میدیایەكی نزیك لە مالیكی كە لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادار لە حزبی دەعوەی عێراقی گواستوویەتیەوە، ئەو حزبە بۆ قوناغی داھاتوو بە سێ لیستی جیا بەشداریی ھەڵبژاردنەکان دەکات هەروەها ناوی سێ لیستەكە ئاشكرا دەكات و رایدەگەێنێت، لیستی تەکنوکراتەکان کە ھیچ پاڵێوراوێکی خولەکانی پێشوو لەخۆ ناگرێت، سەرەڕای ئەوەی نووری مالیکی بە لیستیکی جیا و دوور لە دەعوە بەشدار دەبێت، ئەمە جگە لەوەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لیستی تایبەت بەخۆی دەبێت.

ماڵپەری غەد پرێسی نزیك لە مالیكی لە هەواڵەكەدا  ئاماژە بەوەش دەکات کە ڕاگەیاندنی لیستەکان پەیوەندی بە یاسای ھەڵبژاردنەکانەوە ھەیە، بەڵام نووری مالیکی جیگری سەرۆک کۆمار تائێستا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە جیا لە حەیدەر عەبادی و ڕێکخستنەکانی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق بەشداری له ھەڵبژاردنەکاندا بکات.

ماوەیەکە دەنگۆی ناکۆکی و جیابوونەوەی نووری مالیکی و حەیدەر عەبادی و بەشداریکردنیان لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراقدا لە ڕێگەی لیستی جیاوازەوە بووەتە باسی ڕۆژەڤی میدیای عەرەبی بەگشتی و عێراقی بەتایبەتی، ئەمە لەکاتێکدایە جگە لە چەند ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەم دەنگۆیانە تا ئێستا لەلایەن ھەریەک لەو بەرپرسانەوە بەفەرمی پشتڕاست نەکراونەتەوە.

Back to top button