وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێمی كوردستان پشتیوانی لە ده‌رمانه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی كۆرۆنا دەکات

دوای ئه‌وه‌ی كۆمپانیای ئاوامێدیكا كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ دروستكردنی ده‌رمان له‌ هه‌ولێر رایگه‌یاند كه‌ ده‌رمانی جۆری Favipiravirـی دروستكردووه‌ كه‌ چه‌ند وڵاتێك پشتگیری ده‌كه‌ن بۆ چاره‌سه‌ری تووشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیی له‌ بەرهەمهێنانی دەرمانی (Favipiravir) لە هەرێمی کوردستان كرد و رایگه‌یاند لەسەر ئاستی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم دەرمانە لە هەرێمی کوردستان کەوتە بواری بەرهەمهێنان.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا  بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ ده‌رمانه‌كه‌ لەلایەن کۆمپانیای خۆماڵی ئاوامێدیکا (Awamedica) لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهێندرا بە هاوکاری و هەماهەنگی سەنتەرە پسپۆڕیەکانی جیهانی بەرهەمهێندراو و دەستکرا بە دابەشکردن بۆ کەمکردنەوەی ئاستی توندی نەخۆشیەکە و نیشانەکانی و کەمکردنەوەی ڕێژەی مردن.

راشیده‌گه‌ێنێت ، پێشوازی لەم بەرهەمە خۆماڵیە دەکات وێرای دەستخۆشی و ستایشی کومپانیای ناوبراو، پاڵپشتی و پشتگیری دەردەبڕین کە لەسەر ئاستی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم دەرمانە لە هەرێمی کوردستان کەوتە بواری بەرهەمهێنان.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێمی كورستان:

پێشوازی لە بەرهەمهێنانی دەرمانی (Favipiravir) لە هەرێمی کوردستان دەکەین…

لە درێژەی هەوڵ و چالاکیەکانی جیهانی بۆ دۆزینەوە و دروستکردنی دەرمانی چارەسەری نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID19 بە خۆشحالیەوە لە هەرێمی کوردستان هەمان دەرمانی دژەڤایرۆسی (Favipiravir) بە ناوی (فابیڤیر) کە لەلایەن هەندێك لە ووڵاتی وەکو ڕوسیا و یابان … هتد. لە کاتی ئێستادا بەکاردێت وە لە ڕێنماییەکانی چارەسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بە یەكێك لە دەرمانەکانی بواری چارەسەری ئەو نەخۆشیە دادەنرێت و لەکاتی ئێستا لەلایەن کۆمپانیای خۆماڵی ئاوامێدیکا (Awamedica) لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهێندرا بە هاوکاری و هەماهەنگی سەنتەرە پسپۆڕیەکانی جیهانی بەرهەمهێندراو و دەستکرا بە دابەشکردن بۆ کەمکردنەوەی ئاستی توندی نەخۆشیەکە و نیشانەکانی و کەمکردنەوەی ڕێژەی مردن.

بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لەم بەرهەمە خۆماڵیە دەکات وێرای دەستخۆشی و ستایشی کومپانیای ناوبراو، پاڵپشتی و پشتگیری دەردەبڕین کە لەسەر ئاستی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم دەرمانە لە هەرێمی کوردستان کەوتە بواری بەرهەمهێنان وە لە ژێر ڕۆشنایی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمی خۆماڵی و کەرتی تایبەت هاندەدرێت لەپێناو باشترکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی هاوڵاتیان بەتایبەتی بۆ دەربازبوون لە قەیرانی نەخۆشی کۆڕۆنا.

لەم دەرفەتەدا جەخت دەکەینەوە کە هاوڵاتیان پێویستە زۆر بە وریایی ئاگاداری خۆیان و پابەندی ڕێنماییەکانی تەندروستی بن بۆ دووربوون لە ترسناکی تووشبوونی ئەم نەخۆشیە و ڕێکاری تاکپارێزی و خۆپارێزی گرنگترین ڕێکارە کە پێویستە هەموو هاوڵاتیان پێوەی پابەندبن.

لە کۆتایی دا جارێکی تر دەستخۆشی لە کۆمپانیای (Awamedica) دەکەین بۆ ئەم هەوڵە سەرکەوتووە و هیوای سەرکەوتنی زیاتر و بەرهەمی باشتر دەکەین، ئومێدەوارین هەموولایەك ساغ و سەلامەت بن و هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.

وەزارەتی تەندروستی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
٨ تەمووز ٢٠٢٠

 

Back to top button