د. بەشیر حەداد لەسەر مامۆستایەكەی كەركووك هاتە سەر خەت
ئەمرۆ سێشەممە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق د. بەشیر حەداد رایگەیاند كە پۆلیسی كەركووك و پەرلەمانتارانی نوێنەری پارێگای كەركووكی راسپاردووە، بۆ بەدواداچوون لە سەر رووداوەكەی نەخۆشخانەی گشتی كەركووك و قۆڵبەست كردنی هاولاتیەكی كورد لەكاتێكدا كە هاوسەرەكەی گیانی لەدەستداوە”.
نووسینگەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كردووە، كە ناوبراو لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی کەرکووکەوە کردووە و رایسپاردوون تاوەکو لیژنەیەکی تایبەتی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دروست بکەن بۆ ئەوەی بە دواداچوون بۆ ئەو رووداوە بکەن کە لە نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک رووی داوە، هەروەها جەختی لەوەش كردۆتەوەو كە پێویستە دامودەزگاکان و کارمەندان و فەرمانبەرانی حکوومەت بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەستن و لە خزمەت هاووڵاتییاندا بن، گوتیشی هەر کەس و لایەنێک لەو رووداوەدا تاوانبار بێت، پێویستە سزا بدرێت، تاوەکو جارێکی دیکە رووداوێکی نەخوازراوی لەو شێوەیە روونەداتەوە.
هەروەها د.بەشیر حەداد راشی گەیاندووە” پەرلەمانتارانی سەر بە پارێزگای کەرکووکیشی راسپارد بەدواداچوون بۆ کارەکانی ئەو لیژنەیە بکەن و چاودێربن بەسەریەوە و گوشار دروست بکەن تاوەکو بە زووترین کات تاوانباری ئەو رووداوە دەستنیشان بکرێ.