بەدیلی بارزانی، بارزانییەكی دیكەیە
رێبوار كەریم وەلی
(1)
رێككەوتنی یەكێتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، هێندەی دیكە ناكۆكیی نێوان دوو باڵەكەی ناو یەكێتی قووڵتر كردەوە و وایكرد بۆ یەكەمجار پارتی كار لەسەر تەفرەقەی ناوماڵی یەكێتی بكات (ئەڵبەتە بە نهێنی). راگەیەندراوی باڵی ناوەندی بڕیار لە یەكی ئەیلولی 2016دا، ئەگەر بە ئاشكرا دەستی پارتیشی تێدا نەبووبێت، بەبێ رەزامەندی و زەمینەسازیی پارتی نەكراوە.
بۆیە ئەو نمایشی هێزەی لە 17ی مایس كرا، سەری نەگرت و پتر لەوەی یارمەتیدەر بێت بۆ هێنانەوەی گۆڕان بۆ ناو كایەی سیاسی، هێندەی دیكە دووری خستەوە.
دوایین كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی (بە سەرنجدان لە پێكهاتە و سەرۆكایەتیی شاندەكان) دەریدەخات كە رێككەوتن و هاوڕێیەتی لەگەڵ پارتیدا، عامیلی خێرە بۆ یەكخستنەوە و یەكدەنگیی ناو یەكێتی. دوو باڵەكەی یەكێتی ئەگەر نەشتوانن بەیەكەوە لەسەر یەك مێز دانیشن، زۆر بە ئاسانی دەتوانن لەگەڵ پارتیدا نەك هەر دانیشن، بگرە رێككەوتنیش بكەن.
ئەساسی ئەو ماڵكردنانەی ناو یەكێتی سەرچاوەكەی لەوەدابوو كە بەشێكی یەكێتی بەرپرسیارێتی و خەباتی مێژوویی خۆیان كردە قوربانیی لایك و شێرەكانی ناو سۆشیال میدیا و، لەبیریان چووەوە كە سەنگی یەكێتی لە سیاسەت و حوكمڕانیدا، بە ژمارەی كورسیی پەرلەمان ناپێورێت. هاوكات، بەیاننامە هاوبەشەكەیان لەگەڵ پارتی، دەریدەخات كە یەكێتیش بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی سیاسیی كوردستان، وەك پارتی بیر دەكاتەوە.
پارتی لە ناوخۆیدا بۆ هەموو بژارەیەك خۆی حازر كردووە، گرنگترینی ئەوانەش مەسەلەی گۆڕینی سەرۆكایەتییەكانە و لەوەشیاندا ئەگەرەكان ئاشكران.
ئەگەری یەكەم: گۆڕینی سەرۆكی پەرلەمان بە كەسێكی دیكە لەناو بزووتنەوەی گۆڕان و گەڕاندنەوەی بارودۆخ بۆ پێش 12ی ئۆكتۆبەری 2015، یانیش گۆڕینی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بە شێوەیەك كە بتوانێ لێسەندنەوەی متمانە لە دەستەی ئێستا مسۆگەر بكات و لەوەشیاندا، ئەگەر بەپێی حیساب و كتاب بێت، مەرج نییە سەرۆكایەتیی پەرلەمان بدرێتە یەكێتی و لەوانەیە بۆ دەستبەركردنی دەنگ بەر یەكگرتووی ئیسلامی بكەوێت.
ئەگەری دووەم: لە حاڵەتی ئەوەدا كە گۆڕان بكەوێتە دەرەوەی بازنەی حوكمڕانی، پارتی دەبێ بیر لە دوو بژارە بكاتەوە بۆ هەر دوو سەرۆكایەتییەكەی دیكە. هێشتنەوەی ئەو دۆخە تا هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم لە پەرلەمان و جۆری هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دووەمیان، رادەستكردنی سەرۆكایەتیی حكومەت بە یەكێتی و دانانی سەرۆكی كاتیی هەرێم (هەر وەك لە پەیامەكەی بارزانیشدا هاتووە) تا هەڵبژاردنی داهاتوو. لەو حاڵەتەدا، سەرۆكایەتیی هەرێم لای پارتی دەمێنێتەوە و بە ئیحتیمالی زۆریش نێچیرڤان بارزانی ئەو پۆستە لەئەستۆ دەگرێت.
بەرەو رێككەوتنێكی نوێی ستراتیژی
(2)
بە سەرنجدان لە بەیاننامەی كۆتایی دوایین كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی هەردوولا كە بە وشەیەكیش ناوی بزووتنەوەی گۆڕانی تێدا نەهاتووە و باس لە هیچیەك لە داواكانی گۆڕان نەكراوە، دەردەكەوێ كە یەكێتی دەستی لە گۆڕان شوشتووە و ئیتر ترسیشی لێی شكاوە.
ئەوە لەلایەك و لەلایەكی دیكەوە، یەكێتی وەك حیزبێكی خاوەنی سەرخان و ژێرخان، ناتوانێ چیدیكە لەسایەی هەڕەشە و گوڕەشەكانی گۆڕاندا، خۆی لە گۆڕەپانی سیاسی و دەستكەوتە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان بێبەش بكات. یەكێتی پاشماوەی مەدرەسەی جەلال تاڵەبانییە كە بە چێرچڵی عەسری خۆی ناوبراوە و، ناتوانێ لەوە زیاتر غەرقی هەرزەكاریی سیاسی بێت.
گۆڕان لە سەرەتای دروستبوونییەوە، ئامانجی ئەوە بوو كە لە هەنگاوی یەكەمدا، یەكێتی بكاتە حیزبێكی ناوچەیی و بیخاتە ژێر گوشاری گەڕەك و لە پارتیی دووربخاتەوە. ئەوەش لە كاتێكدا بوو كە یەكێتی نەك خۆی پێ حیزبی ناوچەیەك نەبوو، بگرە لە سایەی پۆستەكەی تاڵەبانی خۆی پێ حیزبی هەموو عێراق و ناوچەكەش بوو! لەقكردن و لەباربردنی رێككەوتننامەی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەكێتی، گەورەترین ئامانجی گۆڕان بوو كە نەهاتە دی.
چونكە گۆڕان پێش ئەوە لە 17ی شوباتدا، مەبەستی بوو كە بە ئینقیلابێك دەست بەسەر ئیدارەی سلێمانیدا بگرێت. ئەڵبەتە پارتی نەیهێشت ئەوە سەربگرێت، یەكێتی زۆر سیاسییانە هەم هێزی پارتیی بەكارهێنا بۆ چاوترسێنكردنی گۆڕان و هەمیش رێگەی نەدا پارتی وەك رزگاركەری دەسەڵاتەكەی لە زۆنی سەوز و نیلی خۆی نمایش بكات، بە هێمنی هەردوو تەڕەفی بەرتەرەف كرد.
ئیتر هەردوو باڵەكەی یەكێتی بەرەو ئەوەن كە لەگەڵ پارتی رێكبكەون (رێككەوتنێك بۆ پاش و پێش هەڵبژاردنی داهاتوو)، وردەكارییەكانی چۆن و چی دەبێ گرنگ نین، گرنگ ئەوەیە كە ئەو رێككەوتنە بتوانێ ناو ماڵی یەكێتیش رێكبخاتەوە.
لە خواش بوون و لە خورماش
(3)
بەیاننامەی كۆمەڵێك هەڵسوڕاوی گۆڕان لەهەمبەر جێبەجێنەكردنی رێككەوتننامەی ستراتیژیی نێوان ئەوان و یەكێتی، زۆر بێمانایە! لەو رووەوە كە دەریدەخات گۆڕانخوازەكان دەبێ دوو جار فریویان خواردبێ، جارێك كە دەساڵ پێش ئێستا لە یەكێتی جیابوونەوە، جاری دووەمیش كە چوونەوە پاڵ یەكێتی! كامیان راست بوو تا بتوانن گلەیی لەوە بكەن بۆچی رێككەوتنە ستراتیژییەكەیان لەگەڵ یەكێتی جێبەجێ نەكراوە؟ ئەو رۆژەی رێككەوتنەكە ئیمزا دەكرا و پارووی چەوریان بادەدا، كەسیان جورئەتی ئەوەیان هەبوو بپرسێ ئەرێ مادام یەكێتی ئەو حیزبە ئایدیاڵەیە، بۆ لێی جیابووینەوە؟ كە یەكێتی رێككەوتننامەی ستراتیژی لەگەڵ ئێمە ئیمزا دەكات، رێككەوتننامەی خۆی لەگەڵ پارتیدا هەڵوەشاندووەتەوە؟ لە حكومەت كشاوەتەوە؟ بایكۆتی پەرلەمانی كردووە؟ ئەگەر ئەوانەی نەكردووە، كوێی رێككەوتنەكەمان لەگەڵ یەكێتی ستراتیژییە؟
هەردوو باڵەكەی یەكێتی، گۆڕانیان لەخشتە برد. گۆڕانیان لە خواش كرد و لە خورماش، بەڵام نەبووە خورمش!