هۆڵەندا : چەندین پرۆژەی كشتووكاڵی لە كوردستان ئەنجام دەدات
كونسوڵخانەی گشتی شانشینی هۆڵەندا لە هەولێر لە میانی دیدارێكی دا لەگەڵ پارێزگاری هەولێر رایگەیاند كە وڵاتەكەی بەنیازە چەندین پرۆژەی كشتووكاڵی لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی ئەنجام بدات”.
لە راگەیاندراوێكدا كە لە هەژماری تایبەتی خۆی بڵاوی كردۆتەوە، پارێزگاری هەولێر راگەیاند ئەمرۆ لەدیوانی پارێزگا، پێشوازیمان لە خاتوو (مایکە کایزێر) جێگری كونسوڵی گشتی شانشینی هۆڵەندا لەهەولێر کرد.
هەر لە راگەیاندراوەكە هاتووە” لەدیدارەکەدا باس لە ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی کرا کە كونسوڵخانەی گشتی شانشینی هۆڵەندا لەهەولێر بەنیازن لە شارەکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی ئەنجامی بدەن”.
هەر لە راگەیاندراوەكە هاتووە پارێزگاری هەولێر پێی راگەیاندوون، بەهەموو شێوەیەک پشتیوانتانین و دەرگام کراوەیە بۆ هەر پرۆژەیەک، ئامانجی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەرەپێدانی کشتوکاڵ و کەرتی پیشەسازییە، بۆیە بەهەموو شێوەیەک پشتیوان و هاوکارتانین، هەرچی بە ئێمە بکرێت و پێویست بکات ئامادەین”.