گه‌نجانی رۆژئاوا به‌زۆره‌مڵێ چه‌كدار ده‌كرێن و ره‌وانه‌ی پێشه‌وه‌ی به‌ره‌كانی جه‌نگ ده‌كرێن

خواكوڕك

ئاسایشی په‌یه‌ده‌ و گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌م هێزه‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان هه‌ڵمه‌تێكی ره‌شبگیریان ده‌سپێكردووه‌ و گه‌نجای شاره‌كان به‌زۆر چه‌كدار ده‌كه‌ن، و سه‌ركرده‌ی پارتێكی كوردیش ده‌ڵێت، پێشێڵكاری و تاوانه‌كانی ئه‌و حزبه‌ (بێ وێنه‌ بووه‌).

نوری بریمۆ ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان_سوریا به‌ خواكوڕكی راگه‌یاند، “هێزه‌كانی سه‌ر به‌په‌یه‌ده‌ له‌ قامیشلۆ و چه‌ند شارێكی دیكه‌ هه‌ڵمه‌تێكی به‌چه‌كداركردنی زۆره‌مڵێی گه‌نجانیان ده‌ستپێكردووه‌ و دواتر ره‌وانه‌ی پێشه‌وه‌ی به‌ره‌كانی جه‌نگیان ده‌كه‌ن”.

بریمۆ له‌باره‌ی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ی په‌یه‌ده‌ زیاتری روونیكرده‌وه‌ و ده‌ڵێـت، “سه‌ربازه‌ نوێیه‌كان كه‌ به‌بێ ویستی خۆیان چه‌كیان هه‌ڵگرتووه‌، له‌سه‌ربازگه‌یه‌كی تایبه‌ت راهێنانیان پێده‌كرێت و دوای وه‌رگرتنی مه‌شقێكی ساده‌ی سه‌ربازی و چه‌ند وانه‌یه‌كی نه‌زه‌ری، ره‌وانه‌ی پێشه‌وه‌ی به‌ره‌كانی جه‌نگیان ده‌كه‌ن”.

ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی ئه‌نه‌كه‌سه‌ ئه‌وه‌ش ئاشكرا ده‌كات كه‌، “ماوه‌یه‌كی زۆره‌ ئاسایشی په‌یه‌ده‌ فۆرمێكی به‌سه‌ر دانیشتوانی شاره‌كان بڵاوكردۆته‌وه‌ داوای پڕكردنه‌وه‌ و پێدانی زانیاری كه‌سی و بنه‌ماڵه‌یی و لایه‌نگری له‌خه‌ڵكی ده‌كات”. هه‌روه‌ها ده‌شڵێت، “گوشاره‌كانی سه‌ر ئه‌نه‌كه‌سه‌ رۆژ له‌ رۆژ زیارتر ده‌بێت و پێویسته‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌ كاره‌كانی په‌یه‌ده‌ شاره‌زا بن”.

Back to top button