حكومه‌تی هه‌رێم روونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌

خواكوڕك

دوای ئه‌وی حیدر عه‌بادی له‌گه‌ڵ لێژنه‌یه‌كی په‌رله‌مانی عێراق كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجامده‌دات و دوو له‌ئه‌ندامانی لێژنه‌كه‌ له‌ فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كانن و رایانگه‌یاند، عه‌بادی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ كوتوویه‌تی، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕۆژانه‌ ملیۆنێك و سێسه‌د هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ ده‌كات.

له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌فین دزه‌یی به‌ مالپه‌ڕی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێم راده‌گه‌یه‌نێت، نازانین ئه‌گه‌ر ئه‌و په‌رله‌مانتا‌رانه‌ بووبن به‌ وته‌بێژى سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراق، به‌ڵام ئێمه‌ نه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى فه‌رمى و نه‌ نافه‌رمیش نه‌مانبیستووه‌ به‌ڕێز عه‌بادى قسه‌یه‌كى واى كردبێت.

وته‌بێژه‌كه‌ی حكومه‌ت ئه‌وه‌ دووپات ده‌كاته‌وه‌ كه‌، ژماره‌ى ڕاسته‌قینه‌ى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان ئه‌و ژمارانه‌ن كه‌ وه‌زاره‌تى سامانه‌‌ سروشتییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕاپۆرته‌كانیدا بڵاویانده‌كاته‌وه‌ و هه‌مان ئه‌و ژمارانه‌ن كه‌ له‌ كۆمپانیاكانى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت وه‌ریانده‌گرێت.

هه‌روه‌ها راشیده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌، یانیش با بڵێین ئه‌و وته‌بێژانه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراق باشتر وابوو به‌رله‌وه‌ى بۆ خۆده‌رخستن و له‌ خۆیانه‌وه‌ لێدوانى بێبنه‌ما و بێسه‌روبه‌رى له‌و شێوه‌یه‌ بده‌ن، پرسیارێك له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى وه‌زارتى سامانه‌ سروشتییه‌كان بكه‌ن تاكو ژماره‌ى ڕاسته‌قینه‌ى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستانیان ده‌ستكه‌وێت.

Back to top button