كۆسرەت رەسوڵ: پێشمەرگە لەو ناوچانەی كوردستانین ناكشێتەوە
خواكوڕك
لەگەڵ ئەوەی لە ئێستادا گەڕێكی دیكەی دانوستان دەستی پێكردۆتەوە بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە, ئاما ژەكان سەرەتایەكی دڵخۆشكەریان لێوە بدی دەكرێت, جێگری سكرتێری یەكێتی باس لە چەند دەستپێشخەریەك دەكات, وە باس لە كێشە سیاسییەكانی نێوخۆی كوردستان دەكات.
كۆسرەت رەسوڵ عەلی،لە میانەی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ رۆژنامەی (رووداو) دەڵێت:” هەموو ئاماژەكان پێمان دەڵێن كە ئەمساڵ، بە تایبەتی لەدوای ئازادكردنی تەواوەتی شاری مووسڵ، گۆڕانكاریی گەورە لە ناوچەكە روودەدات. كورد یەكێكە لە كاراكتەرە سەرەكییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە جەنگی دژ بەتیرۆردا رۆڵێكی دیار و بەرچاوی هەبووە و هەیە، بۆیە ناكرێ ئەم گۆڕانكارییانە بەبێ لەبەرچاوگرتنی پێگەی كورد بكرێت، بەداخەوە ئەمڕۆ بارودۆخی ناوخۆی كوردستان و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان و زۆریی قەیرانەكان وامان لێدەكات كە ترسێكی گەورەمان هەبێ لە ئایندە و بەگومانەوە لە گۆڕانكارییەكان بڕوانین.
جێگری سەرۆكی هەرێم دەشلێت:”كورد بە یەكگرتوویی و یەكدەنگی دەتوانێ بە ئامانج بگات، ئەمڕۆش بارودۆخەكە بۆ كورد زۆر گونجاوە و پاڵپشتی و پشتیوانی باشمان هەیە لە دەرەوە، بەڵام ئەگەر زوو فریا نەكەوین و كێشەكانی ناوخۆمان چارەسەر نەكەین، لەوانەیە ئەو هەلەمان لەدەست بچێ و بە 100 ساڵی دیكەش هەلێكی ئاوا بۆ كورد نەڕەخسێتەوە.
لە بارەی بوونی هێزی حەشدی شەعبی لە ناوچە كوردستانییەكان كۆسرەت رەسوڵ دەڵێت:” مێژووی ئێمە و بەشێكی زۆری برایانمان لە هێزە شیعەكان، مێژوویەكی هاوبەشە، هەردوولامان لەلایەن رژێمی بەعسەوە چەوسێنراوینەتەوە و زوڵممان لێكراوە، ئەمڕۆ بە هەر شێوەیەك بێ نابێ هیچ لایەكمان بیر لەم شەڕە بكەینەوە، بەڵام ئەم بابەتەش هەمدیس پەیوەندی بە دۆخی ناوخۆی كوردستانەوە هەیە و بەرامبەرەكانمان لەوە دەڕوانن كە ئەگەر ئێمە یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بین ئەوا ناتوانن رووبەڕوومان ببنەوە، بەڵام لە كات و ساتی بێهێزیمان و نەبوونی تەباییدا بێگومان تووشی جۆرەها كێشەی نەخوازراو دەبین كە حەشدی شەعبی یەكێك دەبێ لەوان.
هەروەها لە وەڵامی پرسیاری ئایا پێشمەرگە لەو ناوچانە دەكشێتەوە كە كۆنترۆڵی كردوونەتەوە جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی گوتی:” پێشمەرگە ناكشێتەوە لەو ناوچانەی كە كوردستانین و بە گوێرەی مادەی 140ی دەستووری عێراقی دیاری كراوە و گەلی عێراق دەنگی لەسەرداوە.
كۆسرەت رەسوڵ دەشلێت:” سەربەخۆیی خەون نییە، من ئەمڕۆ كوردستانێكی راستەقینە دەبینم و دڵنیام لای هەموو كوردێك هەروایە، بەڵام بەر لەهەر شتێك دەبێ هەنگاوی عەمەلی و خێرا بنێین بۆ چارەسەری دۆخی خەڵك و نەهێشتنی ناكۆكییەكان و كەمكردنەوەی جیاوازییەكانی نێوانمان، كە ئەمە دەبێتە فاكتەرێكی بەهێز بۆ زووتر گەیشتنمان بەو سەربەخۆییە, هەروەها روانگەی تایبەتی من ئەوەیە كە پێویستە هاوتەریبی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی، ژیان و گوزەرانی خەڵك باش بكەین، پەرە بە دیموكراسیەت و جیاوازی و ئازادیی رادەربڕین بدەین و شەفافیەت هەبێ لە حوكمڕانی و بەرەنگاری گەندەڵی ببینەوە، بەم شێوەیە دەتوانین باشتر بەرەوپێش بچین.