ئاسایشی ڕەواندز: بکوژی گەنجەکەی هاوینەهەواری بێخاڵ ئافرەتێکە و دەستیگرکراوە

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ڕەواندز، شەوی ڕابردوو شەممە 18ی تەمموز ڕایگەیاند، ئەو گەنجەی کە لە هاوینەهەواری ڕەواندز کوژرا، بکوژەکەی دەستگیر کراوە کە ئافرەتێک بووە، لەگەڵ دوو پیاوی دیکە کە تۆمەتبارن لە ڕووداوەکە.

لە ڕاگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ڕەواندز بڵاویکردەوە، ڕۆژی شەممە 18/7/2020 ئاگادار کراینەوە کە ڕووداوێکی کوشتن لە گوندی بێخاڵ ڕوویدابوو، دەستبەجێ مەفرەزەکانمان و تیمی لێکۆڵینەوەی بەڕێوەبەرایەتیەکەمان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، دەرکەوت کەسێک کوژراوە بەناوی (آ.غ.ف)، دەستمان بەسەر چەکی بەکارهاتوو لە کوشتنەکە داگرت، لەگەڵ تەواوی ئەو کەلوپەلەی لە شوێنی رووداوەکە هەبوو.

ئاسایشی ڕەواندز دەڵێت، لەدوای گەیشتنمان ئاگاداری بەشی پۆلیسی ڕەواندزمان کردەوە بۆ پشکنینی تەرمەکە و شوێنی ڕووداوەکە، دوای بە دواداچوونێکی وردی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان توانیمان کەمتر لە 45 خولەک بکوژەکە دەستگیربکەین، بەناوی (ش.ا.ا) کە ئافرەتە و هەروەها کەسێکی دیكە بەناوی (ع.ج.ق) کە لەگەڵ بکوژەکە دابووە، لە شوێنی ڕووداوەکە کەسێکی دیكە بە ناوی (ر،ع،ا) کە هاورێی کوژراوەکە بووە دەستگیركراوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ” دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەگەڵ بکوژەکە، دانی بەوە دانا کە ئەو خۆی بە چەکی جۆری دەمانچە دوو فیشەکی لە سەری (ا.غ.ف) داوە و کوشتوویەتی، هەروەها تۆمەتبار (ع.ج.ق) دانی بەوە دانا کە لەگەڵ بکوژ دابووە”.

Back to top button