فوئاد حسێن بۆ جەواد زەریف: نامانەوێت دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆمان هەبێت
ئەمڕۆ یەک شەممە ١٩ی ٧ی ٢٠٢٠ لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، محەممەد جەواد زەریف، نیازی بەغدادی ڕاگەیاند بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکان، بەڵام بەبێ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆ.
فوئاد حسێن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ محەممەد جەواد زەریف وتی، دەمانەوێت وڵاتەکە لە گرژییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دوور بخەینەوە و سەروەرییەکەی بپارێزین، دەشمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هاوسەنگ بن و لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش دابمەزرێن.
وەزیری دەرەوەی ئێران لای خۆیەوە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێت هەوڵەکانیان لەگەڵ عێراق یەکبخەن لە پرسە نێودەوڵەتییەکان، ئاماژەی بەوەش کرد پەیوەندییە ئابوورییەکانی ئێران و عێراق، بۆ خزمەتی گەلانی هەردوو وڵاتەکەیە.
جێی ئاماژەپێدانە، زەریف لەگەڵ گەیشتنی بە بەغداد بە ڕۆژنامەنووسانی وتبوو، بەنیازە سەردانی هەولێر بکات و لەگەڵ بەرێز نێچیرڤان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.