شاندی وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق گەیشتە ھەولێر

كه‌مێك پێش ئێستا‌ شاندێكی وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق گه‌یشته‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌ هه‌ولێری پایته‌خت له‌گه‌ڵ شاندی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ كۆ بوونه‌وه‌.

بەپێی زانیارییەکان لە کۆبونەوەکەدا شاندێکی وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بەشداری دەکەن و تاوتوێی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپا دەکرێت.

کۆبونەوەکە تەواوکەری کۆبونەوەکانی ڕابردووی نێوان هەردولایە بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتی پڕکردنەوەی بۆشای ئەمنی ناوچە سنورییەکانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق،بەتایبەت ئەو ناوچانەی داعش جموجوڵ و چالاکی تێدا هەیە.

لە ڕابردووشدا لێکتێگەیشتنێک لەنێوان هەردوولادا دروستبوو بۆ پڕکردنەوەی بۆشای ئەمنی لەهەریەکە لە پارێزگاکانی موسڵ و کەرکوک و دیالە.

هەر ئەوکات عەمید یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند لێکتێگەیشتنەکە بۆ ئەوەیە ناوەندێکی هەماهەنگی هاوبەش لەو سێ پارێزگایە دروستبکرێت و پێکەوە رووبەڕووی چەکدارانی داعش ببنەوە.

ئه‌مه‌یش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ له‌م ڕۆژانه‌ له‌ سنووری كفری و خانه‌قین، هێزه‌ عێراقییه‌كان پێشڕه‌وییان كرد و كاردانه‌وه‌ی‌ لێ‌ كه‌وته‌وه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی‌ سوپاكه‌ی‌ عێراق سووكایه‌تیان به‌ ئاڵای كوردستان كردبوو، به‌ڵام وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بووه‌ فریادڕه‌سی ئه‌و كێشه‌ و پێشمه‌رگه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌نگه‌ری خۆی.

Back to top button