ئەمریکا سەرۆکی چیچانی خستە لیستی ڕەشەوە

درەنگانی شەوی ڕابردوو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە سەرۆککۆماری چیچان، ڕەمەزان قادیرۆڤ-یان خستووەتە لیستی ڕەشەوە، ئەوەش بەهۆی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتەکەیدا.

مایك پۆمپیۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتوویەتی، بەهۆی بەشداریکردنی قادیرۆڤ لە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە کۆماری چیچان، ناوبراومان خستووەتە لیستی ڕەش. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا زانیاریی باوەڕپێکراوی لەبارەی بەرپرسیارێتیی قادیرۆڤ لە چەندان پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتە لەبەردەستە، کە ماوەی زیاتر لە دە ساڵە بەردەوامی پێدەدات، لە نێویشیاندا لەسێدارەدان بەبێ دادگاییکردن.

ڕاگەیەندراوەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە کە سەرۆککۆماری چیچان، ڕەمەزان قادیرۆڤ بەهیچ شێوەیەک بۆی نییە بچێتە ناو خاکی ئەمریکا و تیاشیدا هاتووە کە سزاکە بەسەر ژن و منداڵەکانیشیدا سەپێنراوە و جێبەجێ دەکرێت.

شایانی باسە، پێشتریش قادیرۆڤ لە لیستی ئەو کەس و لایەن و قەوارانەدا بووە کە ئەمریکا سزای بەسەردا سەپاندوون.

Back to top button