زانا مەلا خالید : ورووژاندنی كەیسێك بەناوی دالیا بۆ پەردەپۆشكردنی ڕادەستكردنەوەی مستەفا سەلیمییە

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە لیژنەی مافی مرۆڤ ڕوونی دەكاتەوە، ورووژاندنی كەیسێك بەناوی دالیا بۆ پەردەپۆشكردنی كەیسی مستەفا سەلیمییە، لە ڕوانگەی ئەركی پەرلەمانیمان بەدواداچوون بۆ گەیشتن بە وەڵامی دروستی هەموو ئەو پرسیارانە دەكەین.

زانا مەلا خالید ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لیژنەی مافی مرۆڤ لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمه‌لایه‌تی فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، بابەتی دالیا بابەتێكی كۆمەڵایەتی و كەسییە و پێوەندی بە ژیان و بڕیاری دوو گەنجی خێر لەخۆنەدیوی هەڵخەڵەتێنراوەوە هەیە.

‎ئەندامەكەی لیژنەی مافی مرۆڤ ڕوونی كردووەتەوە، دەبوو ئەو كەسانەی بانگەشەیان بۆ مافی مرۆڤ دەكەن بۆ ناشیرینكردنی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان، بەر لەهەر شتێك ڕووی دەمیان لەوانە بێت كە ئەم كچە هەرزەكارەیان چۆن هەڵخەڵەتاند و لە تەمەنی تەنیا 14 ساڵیدا بە بێ گوێدانە یاسا نێودەوڵەتییەكان، دالیا و سەدان كوڕ و كچی تر لەلایەن ئەو هێزانەی پەكەكەوە چەكدار دەكرێن لە پێناوی چیدایە؟.

باسی لەوەش كردووە، داوا لە فراكسیۆنە جیاوازەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكەم كە ئەندامن لە لیژنەی مافی مرۆڤ ،با بەیەكەوە لە ڕوانگەی ئەركی پەرلەمانیمان بەدواداچوون بۆ گەیشتن بە وەڵامی دروستی هەموو ئەو پرسیارانە بكەین، لە نزیكەوە خێزان و ماڵباتی دالیا ببینین و لە زاری خۆیانەوە ڕاستیی ئەم بابەتە گوێبیست بین، دواتر ئەنجامەكەی بۆ خەڵكی كوردستان ڕابگەیەنین.

ئەوەشی باس كردووە، ئەو هەوڵانە بۆ شاردنەوەی كەیسی ڕادەستكردنەوەی مستەفا سەلیمییە كە هەموو شینەكەیان بۆ پەردەپۆشكردنی ئەم تاوانە قێزەونە و دەیان كەیسی تری پڕ لە پێشێلكردنی بنەماكانی مافی مرۆڤە، دەی خۆ ئەوەشیان هەر ئەركمانە و دەبێ جێبەجێی بكەین.

Back to top button