فراکسیۆنی گۆڕان لەبارەی بەردەوامی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بڕیاری دا
![](https://xwakurk.com/wp-content/uploads/2019/09/webste-qalb-wena-68.jpg)
لەدوای ئەوەی دەنگۆی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن فراکسیۆنی یەکێتی بە فەرمانی ڕاستەوخۆی باڵی چەکداری یەکێتی هاتە ئاراوەو سەرۆکی پەرلەمانیش نەیتوانی لە بەرانبەر ئەو فەرمانەدا بوەستێتەوە ، فراکسیۆنی گۆڕان پەی وایە لەم هەلومەرجەدا کە هەنگاو بۆ چاکسازی دەندرێت ، بە هیچ شێوەیەک نابێت کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دوا بخرێت .
هاوکات فراکسیۆنی گۆڕان رەخنە لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەگرێت و پەی وایە دەبێت هەموو لایەنەکان سوور بن لە سەر بەردەوامی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان .
دەقی بەیاننامەی فراكسیۆنی گۆڕان:…
ئێمە لە فراکسیۆنی گۆران دوای ئاڕاستەکردنی چەندین داوای دانیشتن و بەدواداچونی وورد، بۆ پرسە گرنگ و هەستیارەکان کە بەرۆکی خەڵکی کوردستانی گرتووە بەتایبەت:
١. پرسی دۆخی دارایی و مووچەی مووچە خۆرانی هەرێم کە گوزەرانی خەڵک بەدۆخێکی خراپدا تێدەپەرێت.
٢.پرسی خاڵە سنوریەکان: ئەو قاچاخچێتی و گەندەڵکاریانەی تیایدا ئەنجام دەدرێت لەلایەن بەرپرسانەوە.
٣.چاکسازی لە داهاتە نەوتی و غەیرە نەوتیەکان بە دەرچواندنی یاسای چاکسازی گشتگیرو هەمەلایەنە.
٤.پرسی ناوچە سنوریەکان لەشکرکێشی وداگیرکاریەکانی تورکیاو، وتۆپبارانەکانی ئێران ودۆخی خراپی ناوچە دابڕێندراوەکان.
ئێستا کە کوردستان بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێپەردەبێت و پێویستمان بە کارکردنە، لەسەر ئاستی نیشتیمانی و چاکسازی بنەرەتی کە دەبێت پەرلەمانێکی کارا ئەم رۆڵ و ئەرکە ببینێ وشوێنی چارەسەری کێشەکان بێت. بەڵام بەداخەوە ئاراستەی کارکردنی دەستەی سەرۆکایەتی بە ئاراستەی پەکخستنی دانیشتنەکانی پەرلەمان و تێکەڵکردنی پەرلەمانی کوردستانە بە ململانێی ناشرینی حیزبەکان کە پێمان وایە بەرپرسی یەکەم لە پەکخستن و کارانەبونی پەرلەمان دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانە.
پێویستە تەواوی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان هەماهەنگ بن و فشار بکەن بۆ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان، تایبەت بە کێشەکانی خەڵکی کوردستان.
فراکسیۆنی گۆڕان
٢١ ی تەموزی ٢٠٢٠