وەزارەتی ناوخۆ: فۆڕمی ڕێگەپێدانی ئەلیکترۆنی بۆ هاتوچۆی نێوان پارێزگاکان دەکرێتەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی تەمموز، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند دوای ئەوەی دەسەڵات بە پارێزگاکان دراوە ئاسانکاری زیاتر بۆ هاتوچۆی نێوانیان بکەن، سیستمی ڕێگەپێدانی ئەلیکترۆنیش دەکەوێتەوە کار.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، جگە لەوەی دەسەڵاتمان داوەتە پارێزگاکان داواشمان کردووە بە شێوەیەکی نیزامی و لە چوارچێوەی ڕێکارە تەندروستییەکان لە بازگەکان کار بە سیستەمی ئەلیکترۆنی بکرێت.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بریارماندا لە هاتوچۆی نێوان پارێزگاکان ئاسانکاریی زیاتر بۆ هاووڵاتیان بکرێت و بە شێوەی ئەلیکترۆنی ڕێگە بە هاووڵاتییان بدرێت و سیستمەکە کاری پێبکرێت، بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیش هاووڵاتییان دەتوانن لە کاتژمێر 09:00ی بەیانی تا 02:00ی دوا نیوەڕۆ سەردانی ماڵپەڕی وەزارەتی ناوخۆ بکەن.
ئەم بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆ لە دوای کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان دەرکرا، کە تێیدا بڕیاردرا قەدەغەی هاتوچۆی نێوان پارێزگاکان بەردەوام بێت.