تاوانباری سەرەکی کەیسی سووتاندنی سێوان قادر و مناڵەکانی یەکلا کرایەوە

 

لیژنەوەی وەزارەتی  ناوخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گیان لەدەستدانی سێوان قادر و منداڵەکانی لە دوای تەواو بوونی ئەرکی خۆیان ڕاپۆرتی تایبەتییان لە گەڵ بەڵگەکان خستەڕوو .

 

سەرۆکی لیژنەی دۆسیەکە دەڵێت هەموو بەڵگەکان گەواهیدەرن بۆ تاوانبارکردنی تۆمەتبارەکە، داواش لە دادگا دەکات بڕیاری دادپەروەرانە لەسەر دۆسیەکە بدات

 

وابڕیاربوو رۆژی یەکشەممە 19-7-2020 دوایین دانیشتنی دادگا لە بارەی کەیسی سێوان قادر بەڕێوەبچێت، بەڵام لەسەر داوای پارێزەری تۆمەتبار دانیشتنەکە بۆ رۆژی 28-7-2020 دواخرا.

 

دەقی روونکردنەوەی سەرۆکی لێژنەی لێکۆڵینەوە

 

کەیسی سێوان قادر و عەدالەت

 

ماوەیەکی زۆرە زۆربەی دەزگا میدیایی و راگەیاندنەکان پەیوەندیمان پێوە دەکەن سەبارەت بە چارەنووسی کەیسی خوالێخۆشبووان سێوان قادر و منداڵەکانی بە سیفەتی ئەوەی ئێمە سەرۆکی لێژنەی لێکۆڵینەوە بووین لەم دۆسیەیەدا، بە پێویستی دەزانم دوایین قسە و سەرنجی خۆمان پێش دوا بڕیاری یەکلاکەرەوەی دۆسیەکە لە دادگا بخەینەڕوو.

 

1- لەگەڵ دەستبەکاربوونمان لە وەرگرتنی دۆسیەکە و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس چەمچەماڵدا، هەموو رێکارێکی لێکۆڵینەوەمان ئەنجام دا بەمەبەستی گەیشتن بە ڕاستی روووداوەکە، لێکۆڵینەوە لە رووداوێکی لەم جۆرە نەخشە بۆ کێشراو هێندە ئاسان نییە و ماندووبونی زۆری ویست.

 

2- دووبارە ئەنجامدانەوەی هێڵکاری شوێنی رووداو گەران بەدوای فاکتەکاندا و سەرلەنوێ ئەنجامدانی کاری تیمی بەڵگە و تاوان لە هۆکاری سەرهەڵدانی ئاگرەکە مشت و مڕێکی زۆری نایەوە.

 

3- پاش گۆاستنەوەی دۆسیەکە لە چەمچەماڵ و رەوانەکردنی بۆ سلێمانی بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی دادوەری و پۆلیس ئەزمەڕ کارەکان بەرەو پێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینی، تا گەیشتە کۆتایی ماوەیەکی زۆر تێپەڕی بەسەریدا بەهۆی رەوشی ئەوکات و بایکۆتی دەوامی فەرمانگەکان و چەند جارێک رەوانەکردنی پەڕاوەکه بۆ دادگای تەمیز لە هەولێر و سلێمانی.

 

4- ئێمە وەک تیمی وەزارەتی ناوخۆ هەر لە لیژنەی تایبەتمەند لەلایەن بەڕێز جەنابی وەزیرو بەڕێز بەڕێوەبەری گشتیمان راسپێردراین کە دەبێت شەو و رۆژ بخەینە سەر یەک بە مەبەستی گەیشتن بە حەقیقەتی رووداوەکەو دیاریکردنی تاوانبار و ئەنجامدەری تاوانەکە، ئەمە جگە لەوەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی و کەرتی پۆلیسی ئەزمەڕ و دادوەری تایبەتمەند زۆر ماندوونەناسانە کاریان کرد تا ساتی رەوانەکردنی دۆسیەکە بۆ دادگای تاوانەکان و تەواوکردنی لێکۆڵینەوە.

 

ئێمە بەپێویستی دەزانین لێرەوە بە رای گشتی رابگەیێنین کە هەموو بەڵگەکان گەواهیدەرن بۆ بوونی تاوان و بکەری تاوان لە دۆسیەکەدا، هەروەها دڵنیاشین لە دڵسۆزی و ویژدانی بەرزی دادوەرە بەڕێزەکانی دادگای تاوانەکان

 

زۆر لەوە دڵنیاین کە شەونخونی و ماندووبوونی تیمی لێکۆڵینەوە بە زێدە ناڕوات و ئەنجامیش هەموومان لە بەردەم خوا و عەدالەتدا سەربڵند دەبین و دادگای تاوانەکانیش لە جێگەی ئەو وتەپیرۆزەدا دەبن کە دەفەرموێ (وآذا حكمتم بین الناس ان تحكم بالعدل).

 

عەمید سەرکەوت عومەر

 

سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە وەزارەتی ناوخۆ

Back to top button