سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش دەکات
سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ ڕاوێژکارى تایبەتى تیمى نێودەوڵەتى لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانى داعش (یوونیتاد) کۆبووەوە.
نیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە 22/7/2020، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە کەریم خان، ڕاوێژکارى تایبەتى تیمى نێودەوڵەتى لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانى داعش (یوونیتاد) کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین هەنگاوەکانى کار و ئەرکى یوونیتاد و کاریگەریى بڵاوبوونەوەى پەتاى ڤایرۆسى کۆرۆنا لەسەر کارەکانیان تاوتوێ کرا و هەردوولا جەختیان لە گرنگیى هەماهەنگیى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ تیمەکەیان کردەوە لەپێناو دابینکردنى دادپەروەرى بۆ قوربانیانى دەستى داعش و دادگاییکردن و بەسزاگەیاندنى تاوانباران کە دەبێتە هۆکارێکى دروستبوونەوەى متمانە و ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ سەقامگیرى و پێکەوەژیان و ئاوەدانکردنەوەى ناوچە زیانبەرکەوتووەکان و گەڕانەوەى ئاوارەکان.
نێچیرڤان بارزانى، وێڕاى دووپاتکردنەوەى پشتگیریى بۆ کار و ئەرکى یوونیتاد، ئامادەییى هەرێمى کوردستانى بۆ کارکردن لەگەڵ تیمەکە و حکوومەتى فیدرالى عێراق بۆ سەرخستنى ئەرکەکەیان دووپات کردەوە، هەروەها دەستخۆشى لێکردن و هانیدان بۆ جێبەجێکردنى بەرنامەى یوونیتاد بەپێى کات و خشتەى دەستنیشانکراویان کە لە بەرژەوەندیى هەموو پێکهاتەکانى عێراقدایە بەوپێەى هەمووان قوربانیى دەستى داعشن.
هەموارکردنەوەى یاساى پەیوەندار بۆ بەڕێوەچوونى پرۆسەى دادگاییکردنى تاوانباران، بایەخدان بە لایەنى پەروەردەیى بۆ قووڵکردنەوەى پێکەوژەیان و لێبوردەیى و ڕێگرى لە دووبارەبوونەوەى تاوانەکان، پرۆسەى کۆکردنەوەى بەڵگەکانى تاوان و بەئەلەکترۆنیکردنیان، ڕاهێنانى دادوەران و کارکردن بەپێى ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، چەند تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوون کە تیایدا بەڕێز کەریم خان سوپاسى پشتگیریى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى و هاوکارى و هەماهەنگیى هەرێمى کوردستانى بۆ ئەرک و کارەکانیان دووپات کردەوە.