ڕاگەیاندراوی دووەمی وەزارەتی ناوخۆ بۆ چۆنیەتی خۆ بەدەستەوەدانی دالیا موسلیم بە تورکیا
لە ڕاگەیاندراوی دووەمدا وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان وردە کاری چۆن خۆ رادەستکردنی دالیا موسلیم بە پۆلیسی تورکیا ئاشکرا دەکات کە چۆن بە قاچاغ خۆی گەیاندۆتە ئەو شوێنەی ئێستا
دهقی راگهیهندراوهكه
دوای بەدواداچوونی دامودەزگا ئەمنییەکان لە سەر چۆنێتی ڕۆیشتنی دالیا مەحمود موسلیم بۆ تورکیا، توانرا لە ڕێگەی کەفیلی ناوبراو لە هەرێمی کوردستان بە ناوی بەیار ئەحمەد سەعید کە بازرگانێکی دانیشتووی دهۆکە، زانیاریی زیاتر بەدەستبخەین و ڕاستییەکانی پەڕینەوەی دالیا مەحمود موسلیم بۆ ناو خاکی تورکیا بخەینەڕوو.
بەیار ئەحمەد سەعید، کە دانیشتووی شاری دهۆكە و كاری بازرگانی لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا دەكات، چۆنیەتی گەڕانەوەی سەلامی یەڵماز و دواتر بە قاچاخ ڕۆیشتنی دالیا مەحمود موسلیم بۆ توركیا باس دەكات.
بەیار، نزیكایەتی و پەیوەندی لەگەڵ ماڵباتی سەلامی یەڵماز هەبووە، لەكاتی هاتنی دالیا موسلیم بۆ هەرێمی كوردستان، بەیار لەسەر داوای ماڵباتی سەلامی یەڵماز دەبێتە كەفیلی و لەگەڵ سەلامی یەڵماز، لە ماڵەكەی خۆی دەیانحەوێنێتەوە.
دوای گەڕانەوەی سەلامی یەڵماز بۆ توركیا، دالیا لە ماڵی بەیار دەمێنێتەوە و دواتر لە سەر داوای ماڵباتی سەلامی یەڵماز بە رێگەی قاچاخ دەینێرێتە توركیا. بەیار، دالیا دەداتە دەست ئەو قاچاخچییەی كە ماڵباتی سەلامی یەڵماز بۆیان دەستنیشان كردووە و لەگەڵی رێككەوتوون.
دوای گەیشتنی دالیا بە ماڵباتی سەلامی یەڵماز، وەك لە وێنەكان دەردەكەوێت، پەیوەندی بەیار لەگەڵ ئەوان بەردەوام دەبێ و ماڵباتی سەلامی بە (بەیار)یان راگەیاندووە کە سەلام و دالیا بە سەلامەتی بەیەکەوە گەیشتن و خۆیان ڕادەستی پۆلیسی شاری مێرسینی توركیا كردووەتەوە و دەشیانەوێت دوای خۆناساندن بە پۆلیس ژیانی هاوسەرگیری پێكبهێنن و بەیەکەوە بژین.
وەک لە پەیوەندییە ڤیدیۆکەشدا دیارە ، سەلامی یەڵماز بە ئاشکرا بە بەیار ئەحمەد ڕادەگەیەنێت کە دالیا لە ڕێگەی قاچاخ دەرباز بووە و و هاتووەتە لای پیاوەکەی و پەیوەندیی بە هیچ کەسەوە نییە و خۆی ڕادەستی پۆلیسی تورکیا کردووە لە مێرسین و تەنیا خۆی و دالیا ئەو کارەیان ئەنجام داوە.
بەداخەوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا خەڵکانێک ویستیان ڕاستییەکان بشێوێنن و بازرگانی بەم بابەتەوە بکەن . ئێمە لە کاتێکدا ئەو زانیارییانە دەیخەینەڕوو ، دووبارە ئامادەیی خۆمان بۆ هەر لێکۆڵینەوەیەکی زیاتر لەمبارەیەوە دەردەبڕین. هیوادارین چیتر ئەم بابەتە بۆ مەرامی سیاسی بەکارنەهێنرێت و واز لە ژیانی کۆمەڵایەتی و تایبەتی دالیا مەحمود و سەلامی یەڵماز بهێنرێت.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان
2020/7/22