سوپای عێراق گەمارۆ دەدرێت و داوای هاوكاری لە هێزی پێشمەرگە دەكات
فەرماندەیەكی پێشمەرگە ڕای دەگەیەنێت، سوپای عێراق لەلایەن چەكدارانی داعش گەمارۆ دراون و داوای هاوكارییان لە هێزی پێشمەرگە كردووە.
لە پەلامارێکی چەکدارانی داعش بۆ سەر ھێزێکی سوپای عێراق لە گوندی شێرکی سەر بە قەزای خانەقین، سەربازێک دەکوژرێت و پێنج سەربازیش بریندار دەبن، هێزەکە داوای فریاکەوتن لە پێشمەرگە دەکەن و پێشمەرگەش بەهانایانەوە دەچن.
ئەمڕۆ پێنجشەممه 23ی 7ی 2020 دلێر شكور فەرماندەی لیوای سێی پێشمەرگە بۆ كەناڵی كوردستان 24 ئاشكرای كردووە، لە شەودا پێنج بۆ شەش نیشانشكێنی داعش، لیوایەكی مەغاویری فیرقەی پێنجی هێزە تایبەتەكانیان لە ناوچەی شێرك گەمارۆ دابوو، بریندار و كوژراویان هەبوو و ئامر فەوجەكەیان تەلەفۆنی بۆ خۆم كرد تا هیمەتێك بكەین.
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە دەڵێت، هێزێكی پێشمەرگە بەهانایانەوە چوون، ئێستاش سوپاسگوزاری پێشمەرگەن، ئەو هێزە زەبەلاحەی سوپای عێراقی سوپاسگوزاری ئەو فەوجەی ئێمەن كە توانییان هاوكارییان بكەن.
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە بۆ كەناڵی كوردستان 24 ئاشكرای كردووە، ڕووداوەكە لە پەلامارێكی چەكدارانی داعش بۆ سەر هێزێكی سوپای عێراق لە گوندی شێركی سەر بە شارۆكەی خانەقین بووە، سەربازێك كوژرا و پێنج سەربازیش بریندار بوون، هێزەكە داوای فریاكەوتنیان لە پێشمەرگە كرد و پێشمەرگەش بەهانایانەوە چوون.