پارتی و یەکێتی شەممەی داهاتوو کۆدەبنەوە

دوای زیاتر لە هەشت مانگ لە کۆنەبوونەوەی پارتی و یەکێتی  بڕیارە، ڕۆژی شەممەی داھاتوو پارتی و یەکێتی کۆببنەوەو بەرپرسێکی پارتیش لەبارەی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ زانیاری ده‌خاته‌ڕوو.

بلند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی له‌ لێدوانێكدا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمی پارتی رایگه‌یاندووه‌، “دیارە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە ھەڵگرتنی بەرپرسیاریەتییە لەلایەن یەکێتییەوە، بەداخەوە لە ماوەکانی ڕابردوودا بەشێک لە سەرکردایەتیی یەکێتی سلۆکێکی مەعقوولیان نەبووە، لە لایەک چەندین پۆستی باڵایان لەنێو حکوومەتدا ھەیە و لە لایەکیشەوە داوای ڕووخانی حکوومەتیان دەکرد”.

به‌گوته‌ی ئەو بەرپرسەی پارتی، “پارتی و یەکێتی مادام پێکەوە حکوومەتیان پێک ھێناوە و شەریکن، پێویستە بەرپرسیاریەتیش پێکەوە ھەڵگرن، ناکرێت یەکێتی لە لایەکەوە لە حکوومەتدا بێت و لە لایەکی دیکەوە دژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بێت.”

جه‌ختیشیكردۆته‌وه‌، “کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی پێویستە بەڕێوەبچێت، چونکە دواجار ھەر دەبێت بگەینە ڕێککەوتن لەسەر ھەر کێشەیەک ڕوو بدات، بەتایبەتی ئێمە لە ھەندێ ھەڵوێستی یەکێتی نیگەرانین و لە کۆبوونەوەی داھاتوو باس لەو کێشانە دەکەین.”

 

Back to top button