تەنز یان قسەی قۆڕ..!
تەنز، هونەرێكی باڵای نووسینە و هەموو كەس ماف بەخۆی نادات بینووسێت، ئەوەیشی بەڕاستی تەنزنووس نەبێت، كاتێك دەیەوێ قسەیەكی قۆڕ، وەك تەنز بە خوێنەر بگەیەنێت، لە راستیدا خۆی پێ قەشمەر دەكات و لەوە زیاتریش هیچی تری چنگ ناكەوێت! مەرج نییە كاتێك خەڵك بە نووسینەكانت پێدەكەنن، تۆ تەنزنووس بیت، زۆربەی جارەكان خەڵكی بە كەسانی قەشمەریش پێدەكەنن، ئاخر ئەوەی تەنزنووس نەبێت، قسەی قۆڕیشی لێ دەبێتە تەنز!
شێركۆ عەبدوڵڵا، ئەو پیاوەی جگە لە قسەی قۆڕ و بێ مانا و بەتاڵ لە بنەما و ئیتیكی نووسین، هیچ بنەما و هونەرێكی تەنزنووسینی نییە، هەركە دەشنووسێت، ئەوەندەی هەوڵی رازیكردنی ئاغاكانی دەدات، رەچاوی بنەكانی تەنزنووسین ناكات، ئەو دڵی بەوە خۆشە، هەمووان پێی پێبكەنن، لەبیری چووە خەریكە لەبری ئەوەی تەنزنووس بێت، دەبێتە (عیمە)!.
ئەو شێركۆ عەبدوڵڵایە، لە بەرگی تەنزدا ئیشوكاری بووەتە پیاهەڵدان بە هەندێك و رشانەوەش بەم حیزب و بەو لایەنی سیاسی، بەتایبەتی پارتییەكان، هەڵبەت بۆ رازیكردنی ئاغاكانی دەنووسێت، ئینجا ئەو ماوەیەش كە بابەتی چاكسازی گەرمە، یەكجار هەترەشی چووە! ئەوەتا بیری چووەتەوە هیچ كات تەنزنووس نابێت سووكایەتی بە كەس و ئۆرگانی لایەنێكی تر بكات، ئەو تەنیا بۆ ئەوەی پێی پێبكەنن، (لە قسەیەكی قۆڕدا) كە ناوی ناوە تەنز، سووكایەتی بە رۆژنامەی “خەبات” دەكات، گوایە وەك سفرە بەكاردەهێندرێت.
ئەرێ ئەو لە خۆی پرسیوە وەزعی “كوردستانی نوێ”كەی جەنابیان لە چ سەرگەردانییەكدایە، مەگەر كوردستانی نوێ هێندە پڕ خوێنەرە تا بە كوردستان رادەگات، لە ئەمەریكا و ئەورووپاش دەفرۆشرێت؟!
دەی پارتی یەك لەشكر رۆژنامەنووس و كارمەندی لە خەبات هەن، ئەگەر بەڕاستی رۆژنامەنووسن و خۆیان بە خاوەنی ئەو رۆژنامەیە دەزانن و لە ئاستی متمانەی حیزبەكەیاندان، دەبێت وەكچۆن ئەو پیاوە سووكایەتی بە خەبات دەكات، ئەوانیش هەرچی رەمز و بەهای كوردستانی نوێ هەیە، هەڵیدەنەوە، باوی ئەوە نەماوە ئەوان قسەكەر بن و ئێمەش بێدەنگ، دەی فەرموو بڵێن “كوردستانی نوێ”كەی ئێوەش چیتر ئەو رۆژنامەیە نییە تا شانازی پێوە بكەن، بەڵكوو ئێستا ئۆرگانی شازدەی ئۆكتۆبەرە، ئەگەر خەبات جارێك وەك سفرە بەكاربهێندرێت، كوردستانی نوێ دەیانجار و بگرە زیاتریش، ئێمە لەناو میدیا كار دەكەین، دەزانین فرۆش و رەوشی رۆژنامەگەری لە چیدایە، بەڵام كاك شێركۆ ئەوە نازانێت، چونكە قسەی قۆڕی لێ بووەتە نووسین و دڵی بەو بە(عیمە)بوونەی خۆی خۆشە!
دەبێ كاك شێركۆ ئەو راستییە بزانێت “خەبات” هێندە سەنگین و خاوەن مسداقییەتی پیشەییە خۆیەتی، هەزار ساڵی دیكەش پیاوی وەك جەنابت كە قسەی “قۆڕی لێ بووەتە تەنز” نابێ جورئەتی ئەوە بكەن قسەی قۆڕ بە خەبات بڵێن و بە سووكایەتی ناوی خەبات بهێنن، چونكە خەبات دیكۆمێنتی خەباتی كوردانە، كاتێك خەبات بەقەڵەم بەرگری لە میللەتەكەی و خەبات و شۆڕشەكەی كردووە، ئاغاكانی كاك شێركۆ و خاوەنی ئێستای كوردستانی نوێ، لەبەرەی دوژمندابوون و لەبری قەڵەمیش تەنانەت خۆیانیش فرۆشتبوو بە حكوومەتی عێراق.
دەی ئەگەر جورئەتی ئەوەت هەیە و خۆت پێ تەنزنووسە، فەرموو تەنزێكیش لەسەر ئۆكتۆبەرچییەكان بنووسە یان باسی كوردستانی نوێش بكە كە ئیشوكاری بووەتە دروستكردنی فیتنە و بڵاوكردنەوەی رەئی دژە كوردە و هاندان بە شانوباڵی عێراقچییەكان، فەرموو بەو ریتمەی لەسەر خەباتت نووسیوە، ئەگەر خۆت پێ تەنزنووسە، لەسەر كوردستانی نوێش بنووسە.