پارتی پەیامێك ئاراستەی بزووتنەوەی گۆڕان دەكات

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی 11مین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان، پەیامێك ئاراستەی ئەو بزووتنەوەیە دەكات و رایدەگەیەنێت: رۆڵی بزووتنەوەكەتان لەم قۆناغە سەختەدا بۆ پتەوكردنی سەقامگیریی و بەهێزكردنی قەوارەی سیاسی و دەستووری هەرێم و دامودەزگا شەرعیەكانی و بنەماكانی ئازادی و دیموكراسی نیشانەی دڵسۆزیتانە.

دەقی پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان:..

بەڕێزان/ رێكخەری گشتی و ئەندامانی جڤاتی گشتی و نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان…

بەبۆنەی (11)ھەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوە تێكۆشەرەكەتان گەرمترین پیرۆزبایی خەبات و كۆڵنەدان لە ئێوە و ئەندامان و لایەنگرانتان دەكەین، هیوادارین هەر بەردەوام و سەركەوتوو بن لە خەبات و تێكۆشانتان بۆ سەرخستنی دۆزی رەوای گەلەكەمان و بەدیهێنانی گشت مافە رەواكانی.

رۆڵی بزووتنەوەكەتان لەم قۆناغە سەختەدا بۆ پتەوكردنی سەقامگیریی و بەهێزكردنی قەوارەی سیاسی و دەستووری هەرێم و دامودەزگا شەرعیەكانی و بنەماكانی ئازادی و دیموكراسی نیشانەی دڵسۆزیتانە بۆ بەدیهاتنی مافە هاوبەشەكانمان کە ئەمەش جێگای شانازیە.

ئێمە لە كاتێكدا ئەو یادەتان پیرۆز دەكەین، کە هاوكات رەوشی ئەمڕۆی هەرێم و ناوچەكە، بە قۆناغێكی گرنگ و هەستیاردا تێدەپەڕێ بەجۆرێك قەیرانێكی ئابووری و تەندروستی سەرانسەری جیهانی گرتۆتەوە، زیاتر جەخت لەسەر هاوخەباتی و یەكڕیزیی و تەبایی دەكەینەوە بۆ رووبەڕوبوونەوەی ئەو تەحەدیاتانە و پاراستنی دەسكەوتەكان و رەوشی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و بەدیهێنانی ئامانجە نیشتیمانی و نەتەوەییەكانمان.

هیوادارین بە هەموو لایەك هەوڵ بدەین بناغەی ئەو هاوپەیمانییەتی و هەماهەنگییەی نێوانمان زیاتر پتەوتر و بەهێزتر بكەین و شانبەشانی حزب و لایەنەسیاسییەكانی دیكەی كوردستانیی كاربكەین بۆ تەختكردنی كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم چارەسەرکردنی گیروگرفت و كێشەكان و دابینكردنی ئایندەیەكی رۆشنتر و گەشتر بۆ رۆڵەكانی گەلەكەمان.

جارێكی دیكە پیرۆزباییتان لێدەكەین و هەر سەرفراز و سەركەوتوو بن ….

مەكتەبی سیاسی

پارتی دیموكراتی كوردستان

٢٥ـی٧ـی٢٠٢٠

Back to top button