پەرلەمانی كوردستان بە ئامادەبوونی پێنج وەزیر كۆ دەبێتەوە

بەگوێرەی راگەیەندراوی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کە واژۆی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی لەسەرە، ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان بۆ درێژكردنه‌وه‌ی وه‌رزی به‌هاره‌ی ساڵی دووه‌می خولی پێنجه‌می خۆی كۆدەبێتەوە.

هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە بانگهێشتنامەیەكدا بۆ پەرلەمانتاران بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە 26ی تەمموزی 2020، كاتژمێر 11 پەرلەمانی كوردستان بۆ درێژكردنه‌وه‌ی وه‌رزی به‌هاره‌ی ساڵی دووه‌می خولی پێنجه‌می په‌رله‌مان كۆدەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، دانیشتنەكە بە حوكمی بڕگه‌ی یه‌كه‌م له ‌مادده‌ی 19 و بڕگه‌ی سێیه‌م له ‌مادده‌ی 66 له ‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ئەنجامدەدرێت.

‏فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، ئەمڕۆ پێنج وەزیر لە كۆبوونەوەكە ئامادە دەبن كە بریتین لە وەزیری پێشمەرگە، وەزیری تەندروستی، وەزیری دارایی، وەزیری ناوخۆ، وەزیری وەزیری هەرێم بۆ دانوستانی هەولێر و بەغدا، لەسەر پێنج بابەتی گرنگ لە پەرلەمانی كوردستان ئامادە دەبن.

ئەوەش لە كاتێكدایە، لە رێكەوتی 16ی ئەم مانگەدا، رێواس فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان داوای دانیشتنی پەرلەمانی كوردستانی كردبوو.

Back to top button