گاڵتەجاڕییەکەی لاهور شێخ جەنگی لە پای چی ؟!!

نیاز حاجی
 
گومانی تێدا نییە کە ئێستا سلێمانی بە خراپترین دۆخی سیاسی ، کارگێڕی ، ئابووریدا گوزەردەکات ئەوەشی کە هۆکاری سەرەکی دروستبونی ئەم قەیرانانەیە لەو ئیدارەیە کەڵەکەبوونی کێشە یەک لەدوای یەکەکانی ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و ئەو ئیرهابە فیکریەیە کە لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕان و نەوشێروان مستەفاوە ساڵانێکە پیادەدەکرێ ، لە دەرئەنجامدا سیاسەت بوتە کارێکی گاڵتەجاری و موزایەکردن و چەند نمایشێکی هەرزەکارانە .
لەوانەیە لە ئێستادا کۆمەڵێک خەڵک بڵێن کە کێشەکە گشتگیرە و هەموو کوردستانی گرتۆتەوە ، بێگومان ئەوە ڕاستە ، لە ئێستادا کوردستان بە قەیرانێکی نەخوازراو دا تێدەپەڕێت ، بەڵام ئەوەی لە ئیدارەی سلێمانی دەگوزەرێت زۆر قەبەتر و ترسناکترە لەو قەیرانانەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا هەن .
لە سەروبەندی ئەو گاڵتەجاڕی و سەرگەردانییەدا کە ئیدارەی سلێمانی گرتۆتەوە ، لاهور شێخ جەنگی زۆر شپرزانە ( هاوشێوەی ئەو دۆخەی کە حیزبەکەی و ئیدارەی سلێمانی تێیکەوتووە ) پەلاماری پارتی دەدات و پاڵەوانێتیە ساختەکانی خۆی دەگێرێتەوە.
بێگومان ئەو پەلاماردانەی لاهور شێخ جەنگی بێ هۆ نییە و چەند هۆکارێکی ترسناکی لە پشتەوەیە گرنگترینیان هەوڵدانە بۆ لادان و دورخستنەوەی چەند سەرکردە و کادیرێکی یەکێتی کە لە ئێستادا دژی سیاسەتە چەوتەکانی لاهور و هاوشێوەکانیانن و پشتیوانی هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی دەکەن بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی .
ئەو لێدوانانەی لاهور شێخ جەنگی کە پێدەچێ لەژێر گوشاردا پێی درابێ! یەکێک لە ئامانجەکانی هەوڵێکە بۆ شکست پێ هێنانی نزیکبونەوەی پارتی و یەکێتی ، بەتایبەت دوای بەیاننامەکەی چەند هەڵسوڕاوێکی بزوتنەوەی گۆڕان دێت کە پێش هەفتەیەک بڵاوکرایەوە سەبارەت بە ریککەوتنەکەیان لەگەڵ یەکێتی کە هیچ خاڵێکی جێبەجێ نەکراوە ، گومان دەکرێ هەر لاهور خۆی لەپشتی دەرکردنی ئەو بەیاننامەیە بو بێ.
 
لە دوو مانگی رابردودا تارادەیەک کێشەی باڵباڵێنەکانی ناو یەکێتی بەرەو هێوربونەوە هەنگاوی دەنا ، جۆرێک لە رێککەوتن هەستی پێ دەکرا ، ئا لەو کاتەدا لاهور شێخ جەنگی (لە ژێر پەردەی خەمخۆری خۆی بۆ یەکێتی) لە کۆبونەوەیەکدا لە دەربەندیخان هەندێک قسەی کرد و بەشێک لە لێدوانەکانی خۆی دزەپێکرد بۆئەوەی ئەو لە یەکتر نزیکبونەوەی کە لەنێوان باڵەکانی یەکێتیدا دروست بووە لەباری ببات کە ئەوەش هۆکارێکی تری پشتەوەی قسەکانی لاهورە .
ئەگەر سەرنجی لێدوانەکان لاهور شێخ جەنگی بدەین ، دەبینین زۆرترین هێرش و هەڕەشە و سوکایەتی و تۆمەتبارکردنی تێدایە دژی چەند سەرکردیەکی یەکێتی کە ئەو هێرش و هەڕەشانە خۆیان لە (کاری عەیبە و گەندەڵی و خۆفرۆشتنیان بەپارتی واتا خیانەت) دەبینێتەوە کە ئەو تۆمەتانە بە لوتکەی هێرشکردن و هەڕەشەکردن دادەنرێن .
قسەکانی لاهور شێخ جەنگی هاوکات بوو لەگەڵ لێدوانەکانی یوسف محمد و بەیاننامەکەی بزوتنەوەی گۆڕان و هەوڵە ئیستفزازیەکانی سۆران عومەر و علی حەمەصاڵح و هەڕەشەکای عبداللەی کوێخا موبارەک ، هەروەها هەڕەشەی پەکەکە بۆ بەکانتۆنکردنی شەنگال و شەرپێ فرۆشتنەکانی تری پەکەکە لە سنورەکانی تر ، ئەوانە هەموو دیسانەوە هاوکاتن لەگەڵ ئەو هەڵمەتە میدیایەی هەندێک لە کەناڵ و بەناو ڕۆشەنیر و نوسەران کە چەند رۆژێکە بەجۆرێکی تر دەستی پێکردوە دژی بارزانی و لەیەکتر نزیکبونەوەی پارتی و یەکێتی.
 
پێویستە لاهور و هاوشێوەکانیان ئەوە بزانن کە ئەو شپرزەیی و هەرزەکاریەیان ، دۆخی یەکێتی پارسەنگ ناکاتەوە و بەڵکو خراپتری دەکات ، هەروەها ئەو نەهامەتیانەی کە بەسەر شاری سلێمانیدا هاتووە ، زیاتری دەکات .
دڵنیاین ئەو هەوڵەشیان وەک هەوڵەکانی تریان شکستی پێ دێت و لە ئاییندەشدا بە توندی باجی ئەو هەڵسوکەوتە هەرزەکارانەیان دەدەن .
Back to top button