وه‌زاره‌تى ناوخۆ وردەكاری مەرجەكانی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی راگه‌یاند

ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند کە هێنانی ئۆتۆمبێلی سوتاو، ژێرئاوکەوتوو، ئۆتۆمبێلی پۆلیسی، تەکسی و کۆمپانیاکان لە وڵاتانی ئەوروپا بۆ ناو هەرێمی کوردستان قەدەغەیە.

لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەر ئۆتۆمبێلێک دەهێنرێتە دەروازە سنوورییەکان دەبێت کەمتر لە 100 کیلۆمەتر ڕۆیشتبێت ئینجا بە سفر هەژمار دەکرێت، هاوکات دەبێت ئێرباکی هەبێت و بە سیستمی ABS کار بکات.

وەزارەتی ناوخۆ ئاشکرای کردووە، هێنانی ئۆتۆمبێلی ژێرئاوکەوتوو و سووتاو و بڕدراوە بۆ ناو هەرێم قەدەغەیە، لەگەڵ ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە وڵاتانی ئەورووپا بۆ کاری پۆلیسی و تەکسی و کۆمپانیاکان بەکارهێنراون.

له‌نووسراوه‌كه‌دا هاتووه‌ ، یەكەم مەرج پەیوەستە بە بوونی ئێرباگ و سیستمی ABSی لە ئۆتۆمبێل، بەجۆرێك ئۆتۆمبێلی جۆری پاس لە 14 نەفەر كەمتر، دەبێت بەلایەنی كەمەوە دو ئێرباگی هەبێت و لە 14 نەفەر بەرەو سەرەوەش مەرج نیە ئێرباگی هەبێت .

هه‌روه‌ها له‌به‌شێكى دیكه‌ى نووسراوه‌كه‌ى وه‌زاره‌تی ناوخۆ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ هێنانە ژورەوەی ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێل تەنیا لەدەسەڵاتی وەزیری ناوخۆ و وەزیری دارایی و ئابوری دەبێت.

Back to top button