هێمن هەورامی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکانی ئەمڕۆ و سبەی پەرلەمانی کوردستان خسته‌روو

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، هەوڵەکان سەرکەوتوو بوون و ئەمڕۆ کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت، لەبارەی پرسی ناوچەی کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ناوچە سنوریەکان و پرسی کۆرۆنا گفتوگۆ دەکرێت، سبەی سێشەممەش دۆخی دارایی تاوتوێ دەکەن.

هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، سوپاس بۆ خوا هەوڵەکان سەرکەوتوو بوون، ئەمڕۆ کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت، سەرۆکی پەرلەمان بڕیارە بەشداربێت و فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و تەواوی فراکسیۆنەکانی تر بەشداری دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ وەزیرانی پێشمەرگە، ناوخۆ، وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری دانووستاندن له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا بۆ ئەوەی لە تەوەری یەکەمی کۆبونەوەکەدا لەبارەی دۆخی ناوچە سنوریەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم گفتوگۆ دەکرێت.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی لەوەشکرد، کۆبونەوەکان بەشێکیان پێشنیوەڕۆ و بەشێکی دیکەیان دواینیوەڕۆ بەڕێوەدەچن، لەبارەی دۆخی کۆرۆنا و رێکارەکان لەوبارەیەوە وەزیری تەندروستی ئامادەدەبێت.

لەبارەی دۆخی ئابوری هەرێمی کوردستان، هێمن هەورامی باسی لەوەکرد، سبەی پرسی دارایی تاوتوێ دەکەن و هەریەکە لە وەزیرانی دارایی، پلاندان و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئامادەدەبن.

Back to top button