وردەكاری كێشە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەو پارانەی كە حكومەت لەبەر دەستی دابووە ئاشكرا دەكرێت
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا هۆکارەکانی کێشەی دارایی ، سەرچاوەکانی داهات ، پارەتەرخان کراوەکان بۆ مووچە تاوتوێ دەکڕیت بە لەبەرچاو گرتنی ئەو ڕاپۆرتەی کەلە لەیەن لیژنەوەی دارایی پەرلەمانی کوردستانەوە ئامادە کراوە .
لە راپۆرتەکەدا لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان هۆکارەکانی خراپیی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم خاڵانە دەگێڕێتەوە:
لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان لە چەند خاڵێکدا هۆکاریەکانی خراپی ئەم دۆخەی دیاری کردووە کە بریتین لە
– پشتبەستن بە داهاتی نەوت بە رێژەی %85
– بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و کەمبوونەوەی سەرچاوەی داهات
– نەبوونی پێناسەیەکی دیاریکراوی سیستەمی ئابووری
– دەستوەردانی عێراق لە بەشە بودجەی کوردستان
– گەندەڵی، بەهەدەران و خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوەی داهات
لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا تیشک خراوەتە سەر ڕێژەی هەناردەی پارە لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان کە بەم شێوەی خوارەوە لە ڕاپۆرتەکەدا باسی لێوە کراوە .
بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی 2020ی عێراقدا و ئەو پارەیەی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستانی ناردووە ، تریلیۆنێک و 759 ملیار دینار بە چوار بەش لە بەغداوە نێردراوە.
هەر جارێک لەو پارەیە 11 ملیار و 880 ملیۆن دینار دراوەتەوە قەرزی بانکە ئەهلییەکان و کۆی گشتی ئەو پارەیەی دراوەتەوە بانکە ئەهلییەکان لەو چوار جارەی کە عێراق بودجەی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە 47 ملیار و 520 ملیۆن دینار بووە. بۆیە کۆی پارەی هاتوو، تریلیۆنێک و 711 ملیار و 480 ملیۆن دینار بووە، واتە دوای دەرهێنانی پارەی بانکە ئەهلییەکان.
بڕیارە وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان روونکردنەوەی زیاتری لە سەر بدات ، بەغدا سێ جار 453 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، جارێكیش تەنیا 400 ملیاری ناردووەو دوو مانگیشە بەغدا هیچ پارەیەکی نەناردووە. ئەو پارەیەی بەغدا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ ناردوویەتی، 959 ملیار دینار کەمترە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو، واتە ساڵی رابردوو زۆر زیاتر هاتووە.
داهاتی مانگانەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان
لە ڕاپۆرتەکەدا هەروەها داهاتی مانگانەی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی پێداروە کە بە شێوەی خوارەوە شیکردنەوەی بۆ کراوە
داهاتی مانگانەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ مانگەکانی یەک، دوو و سێ ، 345 ملیار و 203 ملیۆن دیناری مانگانە بووە، هەر مانگێک ئەو بڕە پارەیە داهاتی فرۆشتنی نەوت بووە، کۆی داهاتی ئەو سێ مانگەی سەرەتای 2020 بەپێی راپۆرتەکە تریلیۆنێك و 35 ملیار و 610 ملیۆن دینار بووە.
مانگەکانی چوار، پێنج و شەش داهاتی هەرێمی کوردستان دابەزیوە، بەپێی راپۆرتەکە مانگانە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان 283 ملیار و 424 ملیۆن دیناری لە فرۆشتنی نەوت دەستکەوتووە، لە هەرسێ مانگەکەشدا 850 ملیار و 272 ملیۆن دینار داهاتی هەبووە. ئەمە جگە لەوەی هاوپەیمانانیش مانگانە 20 ملیار و 700 ملیۆن دیناریان وەک مووچەی پێشـمەرگە داوەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، واتە لە شەش مانگەدا 124 ملیار و 200 ملیۆن دینار لەلایەن هاوپەیمانانەوە بۆ مووچەی پێشمەرگە خەرجکراوە.
هەر لە ڕاپۆرتەکەی لیژنەی دارایی پەرلەماندا باس لە چۆنیەتی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران کراوە
بەپێی راپۆرتەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، سێ تریلیۆن و 580 ملیار دینار چوار مووچەی لە ئەمساڵدا پێ دابەشکراوە، هەروەها 700 ملیار دیناری دیکەش مووچەی پێنجەمی پێ دابەشکراوە، کە دەکاتە مووچەی مانگی شووبات و دوایین مووچە کە فەرمانبەران وەریانگرتووە.
داهات بە ملیار
لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، 222 ملیار و 787 ملیۆن دینار لە بەشە بودجەی عێراق ماوەتەوە. 20 ملیار و 700 ملیۆنیش هاوپەیمانان مانگانە ناردوویانە، 90 ملیار دیناریش داهاتی نێوخۆ بووە. جگە لەوەش 283 ملیار و 424 ملیۆن دینار داهاتی سامانە سرووشتییەکان بووە لە مانگەکانی چوار و پێنج و شەش. 120 ملیار دیناریش لە دەوڵەمەندەکان بۆ مووچە قەرزکراوە و دراوەتە حکومەت، واتە کۆی داهاتەکان 736 ملیار و 911 ملیۆن دینار بووە لای حکومەت.
پێشنیازەکانی لیژنەی دارایی بۆ حکومەت بەشێکی گرینگی ڕاپۆرتەکەی بۆ خۆی تەرخان کردووە
لە دوا بەشی راپۆرتەکەدا 20 راسپاردە ئاراستەی حکومەت کراون، کە وەکو پێشنیازن بۆ باشکردنی دۆخی دارایی، بریتین لە:
-گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و لەسەر بنەمای دەستوور بەردەوام بێت.
-داوای نێوبژیوانی لە UN بکرێت و عێراق بە ناردنی بودجە پابەندبکرێت.
-بە بیری مەرکەزی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان نەکرێت.
– پێشینەی حکومەت پەیداکردنی داهات بێ بۆ مسۆگەرکردنی مووچە.
-جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی.
– ناردنی یاسای بودجەی گشتی بۆ پەرلەمان.
– کەمکردنەوەی باج و سوودی بانکی لەسەر خەڵك.
-چاکسازیکردن لە سەرچاوەی داهات.
-پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکان.
– وەرگرتنی باج لە کۆمپانیا گەورەکان.
– کۆنترۆڵکردنی سەرجەم خاڵە سنوورییەکان.
-پێداچوونەوە بە کاری کۆمپانیاکان لە خاڵە گومرگییەکان.
-تەنیا وەزارەتی دارایی پسووڵەی داهاتی هەبێت.
– هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونە گومرگییەکان.
-دانەوەی قەرزی حکومی لای خەڵك لە رێگەی مووچەی پاشەکەوتکراو.
-پێداچوونەوە بە گرێبەستی کۆمپانیاکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت و قەرزەکانیان.
-وەرگرتنەوەی زەویوزاری موساتەحە و فرۆشتنیان.
– کەمکردنەوەی خەرجی دامودەزگا حکومییەکان.
– گرنگی زیاتری کاری هاوبەشی کەرتی تایبەت و حکومەت.
دانانی پێوەری خوێندنەوەی ئاوو بە یاسایی کردنی بیرەکانیش بەشێکی بەرچاوە لە ڕاپۆرتەکەدا و تەیدا هاتووە
لەمبارەوە هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت لە هەوڵی ئەوەدان سبەی کۆبوونەوەی پەرلەمان تایبەت بکرێت بە تاوتوێکردنی دۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستان بە ئامادە بوونی وەزیری دارایی و ئابووری، وەزیری پلاندانان، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستاندن لەگەڵ بەغدا و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ، بۆ ئەوەی هەرچی زووتر شەفافانەتر ڕێکارە یاساییەکان جێبەجێبکرێن