بروسكەی سەرەخۆشی سەرۆك بارزانی بۆ كۆچی دوایی دایکە عایشە
سەرۆک بارزانی بە بۆنەی کۆچی دوایی دایکە عایشە ، دایکی سێ شەهید بە نازناوی دایکی شەهیدان ، برووسکەیەکی ماتەمینی و هاوخەمی ئاراستەی بنەماڵەی خوالێخۆشبوو دەکات .
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بە داخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی دایکی سێ شەهیدی کوردستان، خاتوو دایکە عایشەم پێ گەییشت.
دایکە عایشەی بەهەشتی، نموونەی خۆڕاگری و ئازایەتی بوو و بۆ هەموو تاکێکی کوردستان مایەی شانازییە. خۆم شانازیی ئەوەم هەبووە بە خزمەتی بگەم و وانەی خۆڕاگری و کوردایەتی لێوە فێر ببم.
لەم کۆستە گەورەیەدا، پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادە و كەسوكار و ئاشنایانی دایکە عایشە دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم.
لە خودای گەورە داواكارم ڕوحی پاکی دایکی شەهیدان بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامیش بە گشت لایەك ببەخشێت.
انا للە و انا الیە راجعون
مسعود بارزانی
٢٧ـی ٧ـی ٢٠٢٠