کەنالێکی پەروەردەیی لە دهۆک دەکرێتەوە

وەزیری پەردوەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئالان حەمە سەعید، لە شاری دهۆک کەناڵێکی لۆکاڵی پەروەردەیی کردەوە کە تایبەت دەبێت بە پەروەردە و خوێندن و لە لایەن بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگای دھۆک سەرپەرشتی دەکرێت و وانە و بەرنامەکانی بە شێوەزاری بادینی تێدا پەخش دەکرێت.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەزیری پەردوەردە، ئالان حەمە سەعید رایگەیاند “ھەماھەنگییەکی باش ھەیە لە نێوان وەزارەتی پەروەردە و کارگێری پارێزگای دھۆک و خودی پارێزگاری دھۆک بۆ بەرێوەچوونی ئەزموونەکانی پولی دوازدەی ئامادەیی لە سەنتەری شاری دھۆک و ھەموو قەزا و ناحیەکان، مەبەستی سەردانەکەمان بو پارێزگای دھۆک بۆ دوو ھوکاربووە، یەکەمیان لەنزیکەوە بەشێوەیەکی مەیدانی ئاگاداری چۆنیەتی بەرێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی قوناغی دوازدەی ئامادەیی بین بە ھەموو بەشەکانیانەوە لە پارێزگای دھۆک، سەردانی زاخو و سیمێل- مانکرد و سەردانی چەندین بنکەی تاقیکرنەوەکانمان کرد لە سەنتەری شاری دھۆک، سوپاس بۆخوا کە بە پێی ھەڵسەنگاندنی ئێمە پرۆسەکە لە پارێزگای دھۆک لە ئاستێکی زور نایابدا بەرێوەدەچێت و ھەموو رێکارەکان بەباشی گیراونەتەبەر، مەبەستی دووەمی سەردانەکەشمان کردنەوەی کەناڵێکی تەلەڤزیونی پەروەردەیی بوو لە دھۆک “.

دەربارەی کەناڵە پەروەردەییەکە، ئالان حەمە سەعید رایگەیاند” بەھەماھەنگی لەگەڵ رێکخراوی یونسێف کەناڵێکی ناوخویی پەروەردەییمان کردەوە، ئەم کەناڵە بە شێوەزاری بادینی وانە و بەرنامەکان پەخش دەکات، بەخورایی لەسەر ریسێڤەرەکان لە ئایندەیەکی نزیک وەردەگیرێ، لەپلانماندایە کە گەشە بەم کەناڵە بدەین و ئەمە دەبێتە دەستکەوتێک بۆ بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگای دھۆک لە بواری پێشکەش کردنی خزمەتگوزاریە پەروەردەییەکان، میدیایی پەروەدەیی جۆرێکی دیکەیە لەو خزمەتگوزاریانەی کە بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی دھۆک کاری بو دەکات، سەرپەرشتیکردن و ئیدارەدانی ئەو کەناڵەمان سپاردووە بە بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی دھۆک بۆ ئەوەی بتوانن لە نزیکەوە خزمەتێکی باشتر بەماموستایان و پەروەردەکاران و سەرپەرشتیاران و قوتابییە خوشەویستەکانمان بکەن لە سنوری پارێزگای دھۆک”.

گوتیشی ” سوپاسی رێکخراوی یونسێف دەکەین کە لە پرۆژە پەروەردەییەکاندا هاوکار و هاوبەشمانن، پێشتر لە کەناڵی ئاسمانی پەروەردەیی هاوکارمان بوون، ئێستاش لەم کەناڵە و لە ئایندەشدا رادیۆیەکی پەروەردەیی بە هاوبەشی پێکەوە دەکەینەوە”.

لە پارێزگای دهۆک، ٥٦٥ قوتابی شنگال و دەورووبەری موسڵ تاقیکردنەوەکان ئەنجام دەدەن، پێشتر لەسەر داوای وەزیری پەروەردە، بۆ تاقیکردنەوەکان گوازراونەتەوە دهۆک و سەرۆکی حکومەت تێچووی مانەوە و گواستنەوەی دابینکردوون، ئالان حەمە سەعید دەربارەی ئەو خوێندکارانە رایگەیاند” لەگەڵ پارێزگاری دهۆک ئەو قوتابیانەمان بەسەر کردەوە، بەڕێوەچوونی ئەزموونەکان بۆ ئەوانیش بێ گرفت و لە ئاستێکی بەرزدا بوو، لەلایەن سەرۆکی حکومەت شوێنی مانەوە و حەوانەوە، نانخواردن و گواستنەوەیان بۆ هۆڵەکانی تاقیکردنەوە بۆدابینکراوە هیچ گرفتێکیان نییە”

دەربارەی دەستپێکردنەوە و شێوازی خوێندن بو ساڵی ئایندە، وەزیری پەروەردە رایگەیاند “بڕیار نەدراوە لەسەر خوێندنی نوێی ئەم ساڵ، ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ بەرێوەبەرایەتییە گشتیەکانی پەروەردە گفتوگو دەکەین، بەرێوەبەرایەتی پلاندانانی وەزارەتمان راسپاردووە، چەندین بژاردە تاوتوێکراوە بۆ ئەوەی پروسەی خوێندن بۆ ساڵی ٢٠٢٠-٢٠٢١ چوون بەرێوە بچێت، لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران لە مانگی ھەشت کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدەین و بریار لەسەر ئەم بابەتە دەدرێت”.

ئالان حەمە سەعید راشیگەیاند “لە کۆبوونەوەی رۆژی ٦ی ئەیلولی ٢٠١٩دا بە سەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بریاردرا، تەواوی ماموستایانی گرێبەست کەسەر بە وەزارەتی پەروەردەن ببنە ھەمیشەیی، ئەوماموستایانە ژمارەیان ٥٠٨٨ ماموستایە، تەواوی ئەوانەی کە مەرجەکانیان تێدایە دەبنە ھەمیشەیی و مامەڵەکانیانمان دەستیپێکدرووە و لە زورێک لە پەروەردەکان مامەڵەکان بە کوتایی گەیشتووە، لە ھەندێک مامەڵەش ھەندێ رێکاری کارگێری ماوە بەڵام ھیچ گرفتێک لە پرۆسەکەدا نیە”.

Back to top button