هەڵمەتێك بۆ نەهێشتنی بەنزینی خراپ دەستی پێ كرد
قایمقامی هەولێر دەستپێكردنی هەڵمەتێكی بۆ نەهێشتنی بەنزینی خراپ لە هەولێر ڕاگەیاند و هەر بەنزینخانەیەكیش كوالێتی خراپ بێت، ڕێكاری یاسایی بەرانبەر دەگیرێتەبەر.
ئەمڕۆ سێشەممه، نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەڵمەتێكی چڕ بۆ نەهێشتنی بەنزینی خراپ دەست پێ دەكات، لیژنەكانی چاودێری بەنزینخانەكان كارەكانیان كارا دەكرێتەوە و هەر هاووڵاتییەك بەنزینی خراپی پێ درا لە بەنزینخانەكان، پێویستە بەخێرایی ئاگەدارمان بكاتەوە.
قایمقامی هەولێر گوتی، بۆ گازوایلیش لە گۆڕەپانەكان لیژنەیەكی تایبەت پێكهێنراوە، هەموو هەوڵێك دەدەن گازوایلی خراپ لە بازاڕەكان نەهێڵن، هەروەها بۆ نرخەكانی بەنزینیش هەوڵ دەدرێت نرخەكان دیاری بێت و نرخەكانیش ئێستە جێگیرە، چاودێریش دەكرێ تا هیچ شوێنێك نرخ بەرز نەكاتەوە.
باسی لەوەش کرد: ئێستا پارێزگاى هەولێر بۆ هەر ڕۆژێک سێ ملیۆن لیتر بەنزینى پێویستە و %75ى تەواوى بەنزینهکەش لە ناوخۆی هەرێمى كوردستان بەرهەم دێت، ئهوهى دیكه لە وڵاتانى دەوروبەرەوە بۆ ههولێر دابین دهكرێت.