بە بڕیاری ڕاستەوخۆی سەرۆکی حکومەت دوکانە سووتاوەکانی بازاڕی سیم لە هەولێر نۆژەن دەکرێنەوە

 

لە راگەیاندراوێکدا نووسینگەی پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت سەرجەمی ئەو دوکانانەی کە بەم دواییانە لە گەڕەکی کوردستان سووتابوون کە ناسراوە بە بازاڕی سیم ، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نۆژەن دەکرێنەوە

 

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌

 

دوای ئەوەی لەبەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ڕابردوو 2020.7.24 بازاڕی سیمی گەڕەکی کوردستان بەهۆی ئاگرکەوتنەوە سوتا و زیاتر لە 230 دوکان زیانیان پێگەیشت، بەڕێز پارێزگاری هەولێر بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زیان لێکەوتوان و دوکاندارانی ئەم بازاڕە سەردانی بازاڕەکەی کرد و لێژنەیەک بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەنجومەنی بازاڕەکە پێکهێنرا بۆ گواستنەوەی بازاڕەکە بۆ شوێنکی گونجاو، تا گەیشتنە ئاکامی گفتوگۆکان ئەو بڕیارانە دران:-

 

1- بۆ یارمەتیدانی کاسبکاران، ئەوانەی لەئاکامی ئاگرکەتنەوەکە زەرەرمەند بوونە، هەروەها بۆ ئەوەی کار و کاسبی خەڵک نەوەستێت و بتوانن لە کاری ڕۆژانەی خۆیان بەردەوامبن، جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی کاتی ئەو دوکانانەی کە سوتاون نۆژەن بکرێنەوە.

 

2- بۆ گواستنەوەی بازاڕەکە و دروستکردنی بازاڕێکی مۆدێرن و سەردەمیانە بە میکانیزمێکی گونجاو و ڕەزامەندی کاسبکاران، ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا ئەوشوێنەی کە دەستنیشان دەکرێت بۆیان، تەواوی خزمەتگوزارییەکانی وەک تۆڕەکانی (ئاو، کارەبا، قیڕتاوکردنی شەقامەکانی، سیستەمی بەرگری شارستانی) لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابینبکرێت.

 

نووسینگەی پارێزگاری هەولێر

 

2020.7.28

Back to top button