پەرلەمان و داوای لێبوردنەكەی رێواز فایق
لە حەقیقەتدا قسەكانی رێواز فایقی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ” حەقیقەتێكی زۆر تاڵی دەرخست” كەپەرلەمانی ئێمە لە فۆرم و پێناسەدا هیچ جیاوازیەكی نیە لەنێوان پەرلەمانەكانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست كە تەنها دیكۆرێكی نمایشە، ئەم قسەی رێواز فایق دەری خست كە جارێكی تر دەسەڵاتی پەرلەمان لەژێر بریاری مەكتەبی سیاسیەكانە، لە حەقیقەتدا ئەوەی رێواز فایق گوتی كە نازانم بێ ئاگایانە گوتی یان بەئاگایانە گوتی، ( كۆتایی هێنا بە دیكۆربوونی پەرلەمانیش واتا ئێستا پەرلەمانی كوردستان دیكۆریش نیە) ئیتر بوون و نەبوونی پەرلەمان هیچ جیاوازیەك دروست ناكات، لەبنەرەتدا دەری خست كێشەكان لەناو مەكتەبی سیاسیەكان چارەسەر بكرێت باشترە لەوەی لە دیكۆری نمایشی پەرلەمان دا پێشان بدرێت، ئەو هەموو بودجە و مووچەیەش سەرف بكرێت! راستە ئێمە ناتوانین فۆرمی ” پەرلەمانێكی حەقیقی ساز بكەن وەك وڵاتانی رۆژئاوا، بەڵام دروست كردنی مۆدێلی پەرلەمانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراستیش بۆ ئێمە كارساتە، چونكە ئێمە لە حەقیقەتدا دەبێت لەوە تێبگەین، هەرێمێكین قەوارەكەمان لەسەر بنەمای هاوسەنگی و تەوازناتی سیاسی وەستاوە، نەك دەوڵەتێك كە كەس نەتوانێت دەست بۆ سنوری سیادەی ببات، ئالێرەدایە پەرلەمانی ئێمە نابێت هاوشێوەی پەرلەمانی ( بەشار ئەسەد و سەدام و عێراقی ئێستا و ئێران و پەرلەمانی ئێستای دەوڵەتەكەی ئەردۆگان بێت یان وڵاتانی تر بێت) دەبێت جۆڕێك لە رۆڵێك كە بگونجێت لەگەڵ واقیعی كوردستان بە پەرلەمانی كوردستان بدرێت، پەرلەمان باشترین دامەزراوەیە كە شەڕی مافی گەلی كوردستانی پێبكرێت، دەبێت ئەو پەرلەمانە كە دەبێت هەمانبێت، لەكوردستاندا كەسانی حەقیقی تێدابن نەك سۆران عومەرەكان و رێواز فایقەكان، كە تێیدا دەسەڵاتیان نەبێت و تەنها دیكۆرێكی نمایشی حزبی بن، ئەگەر بەپێی واقعی ناو كوردستان و جۆڕ فۆرمێكی بەهێز بۆ پەرلەمان دەستەبەر بكەین چ روودەدات؟ ئایا وەك ئەوەی تەوەقع دەكرێت دەبێتە مەیدانی پۆپۆلیستەكان؟ نەخێر، بەڵكو پێكەوەژیانێكی بەهێزی سیاسی و چاودێریەكی بەهێزی یاسا و سەروەری یاسا و فۆرمێكی گرینگی دەوڵەتداری پێشكەش دەكات، كە كوردستان دەباتە بەردەم قۆناغێكی ئەوەندە پێشكەوتوو و كە نەك بەغدا بەڵكو هیچ وڵاتێك ناتوانێت بەرامبەری بوەستێت، ئەو هێزە لەپەرلەمانی كوردستان سەركەوتوو دەبێت كە كەسانی حەقیقی رەوانەی پەرلەمان دەكەن نەك پۆپۆلیستەكان چونكە پۆپۆلیستەكان دواجار لەبەرامبەر كەسانی حەقیقیەكانی حزبەكان لەنوێنەرایەتی گەلی كوردستاندا دەشكێن، بۆیە نابێت بترسین و خۆمان بەگەورەتر ببینین لەپەرلەمان، ئەوكاتەی پەرلەمان بووە شوێنی كەسانی مەكتەبی سیاسیەكان یان كەسانی حەقیقی، كوردستانێكی بەهێز و هەنگاوی چاكسازی و ریفۆرمكردنیش ئەوەندە بەهێز دەبێت كە تەواو متمانەی گەلی كوردستانی لەگەڵ دەبێت”