كۆمه‌ڵ شكست به‌ پرۆژه‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌ی حیزبه‌ ئیسلامیه‌كان دێنێت

خواكوڕك

مانگی رابردوو كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی باڵا له‌نێوان هه‌ریه‌كه‌ له‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌كگرتووی ئیسلامی و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی ده‌ستی پێكرد و بژارده‌ی (بوون به‌ یه‌ك حزب، درووستكردنی هاوپه‌یمانێتی سیاسیی، پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی هاوبه‌ش) خرانه‌ به‌رنامه‌ی كاره‌وه‌ و لێژنه‌یه‌كی 15 كه‌سیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پێكهێنا.

به‌پێی راگه‌یانراوی كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كان، لێژنه‌یه‌كی باڵای 15 كه‌سی پێكهێنرا له‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی هه‌رسێ حیزب بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كارانه‌ی پێی راسپێردرابوو ئه‌نجامی بدات، له‌ ئێستاشدا ده‌نگۆی ساردی و دووركه‌وتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ لێژنه‌كه‌ بڵاوبووه‌ته‌وه‌.

كادیرێكی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، “كۆمه‌ڵی ئیسلامی نایه‌وێت له‌ بزووتنه‌وه‌ نزیكبێته‌وه و له‌سه‌ره‌تادا چه‌ندینجار به‌ فه‌رمی داوای له‌ یه‌كگرتوو كردووه‌ یه‌ك بگرن، بزووتنه‌وه‌ش بخه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌كه‌”. به‌ڵام پێده‌چێ یه‌كگرتوو به‌م رێكه‌وتنه‌ دوو لایه‌نه‌ رازی نه‌بووبێت و به‌بێ بزووتنه‌وه‌ هه‌نگاو نه‌نێت.

له‌لایه‌كیتر خه‌لیل ئیبراهیم, ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كگرتوو به‌مالپه‌ڕی كوردستان 24ـی راگه‌یاندووه‌، “لێژنه‌كه‌ ته‌نیا كاری نێو ئیسلامییه‌كان نابیت، به‌ڵكو چاودێری هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كات و ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌موو حزبه‌كان دروستبكات، بۆئه‌وه‌ی خزمه‌ت به‌ گه‌ل و نشتیمان بگه‌ینێت”.

Back to top button