وەزیری ناوخۆی عێراق لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا

 

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 29/7/2020، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ عوسمان ئه‌لغانمى، وه‌زيرى ناوخۆى عێراق كرد.

 

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دۆخى ئه‌منيى عێراق و مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و جموجووڵه‌كانى داعش، چالاكيى داعش له‌سه‌ر سنوورى ‌نێوان عێراق و سووريا و گرنگيى كۆنترۆڵكردنى ئه‌و سنووره‌، دۆخى ده‌روازه‌ سنوورييه‌كانى عێراق، هاوكارى و هه‌ماهه‌نگيى وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكومه‌تى فيدراڵ و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، دۆخى ناوچه‌ زيانبه‌ركه‌وتووه‌كانى شه‌ڕى تيرۆر و چه‌ند پرسێكى ديكه‌يان تاوتوێ كرد.

 

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زيرى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو، داكۆكى له‌سه‌ر به‌رده‌وامى و بره‌ودان به‌ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگيى هه‌ردوو وه‌زاره‌تى ناوخۆى فيدراڵ و هه‌رێم و دامه‌زراوه‌كانيان له‌ هه‌موو روويێكه‌وه‌، كرايه‌وه‌، هه‌روه‌ها سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێزانينى خۆى بۆ رۆڵى ئه‌رێنيى وه‌زيرى ناوخۆى عێراق و هه‌وڵه‌كانى بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى.

Back to top button