سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کۆنسولی کۆریای باشوور دەکات
رۆژی چوارشەممە 2020/07/29 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چۆی کوانژین، کۆنسوڵی گشتی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان باسیان لە لێکەوتە ئابوورییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی کرد.
ئەزموونی کۆریای باشوور لە چۆنیەتیی هەڵسوکەتکردنی لەگەڵ ڤایرۆسەکەدا و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانیان بوو.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆریای باشوور کرد و جەختیان لە هاوکاریی دوولایەنە کردەوە.
هاوکات هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە دەرفەتی کار و وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیاکانی کۆریا لە هەرێمی کوردستان بڕەخسێنرێت.
کۆنسوڵی گشتیی کۆریا ستایشی ئەو هەوڵانەی هەرێمی کوردستانی کرد کە بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا داویەتی.