قاسم سلێمانی و هەولێر

چاودێرێك
 
کەناڵی سەحەری ئێرانی بەشی کوردی وتارێکی بڵاو کردۆتەوە باس لەهاتنی قاسم سلێمانی دەکات بۆ هەولێر بۆ لای سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوایە ئەو هاتنەی جارێکیان پێش پەلاماردانی داعش بووە بۆ سەر شاری هەولێر و ناوچەکانی خازر تادەگاتە مەخمور.
 
بەپێی نووسینی سایتی فەرمی تەلەڤزیۆنی سەحەری ئێران گوایە قاسمی سلێمانی هەموو مەترسیەکانی خستۆتە بەردەمی سەرۆک بارزانی و کاک نێچیرڤان و دوایی کە گەڕاوەتەوە هەموو پێشبینیەکانی هاتۆتە دی، لەشەوی 7/8/2014 کە پەلاماری خازر و مەخمور درا لەلایەن داعشەوە گوایە دووبارە قاسم سلێمانی بەخۆی و کۆمەڵێک فەرماندە و شارەزای شەڕ هاتۆتەوە بۆ هەولێر رۆڵێکی گەورەی بینیوە لەڕووبەڕووبوونەوەی داعش و بەربەستکردنی، لەوەدا دەیانەوێ بڵێن ئێمە پێشی ئەمەریکا هاتووینە ئەوێ و ئەمەریکا دوای ئێمە هاتە ناو شەڕی دژی داعش.
 
لێرەدا پێویستە ئەو ڕاستیە بۆ جەماوەری کوردستان ڕونبکەینەوە کە پەیوەندییەکانی سیاسی و هەندێ جار ڕاوێژکاری سەربازیش لەنیوان کۆماری ئیسلامی ئێران و حزبەکانی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆنە و ئێستا نییە، ئەوەش کارێکی ئاساییە، بەڵام ئەوەی ڕاستیەکەیە ئەوەی کەناڵی سەحەر گوتویەتی تەنها بە خۆداهەڵدان و خۆ هەڵدانەوەیە، ئەگەر قاسم سلێمانی ئەوەندە شارەزا و لێزان بووایە لەشەڕدا و ئەو هێزەی هەبا دەبوایە تکریت و مووسڵ و رومادی و فەلووجە و شارەکانی تر لەدەستی داعش بپارێزێ.
 
وەک دەزانین لەو شارانەدا قاسم سلێمانی ئەسپی خۆی لەمیدانەکە تاودا و هەموو هەوڵی خۆیدا هیچی پێنەکرا، دواتر هاوپەیمانان و ئەمەریکا بەتایبەتی و پشتیوانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ یارمەتی عێراقیە غەیرە کوردستانیەکانیاندا کە تیرۆرستانی داعش لەوناوچانە پاشەکشە پی بکەن.
 
ئەوەی هەقیقەتە لەپرسی کوردستانیشدا ڕاستە قاسم سلێمانی هاتووە، بەلام قاسم سلێمانی بۆ ئەوە هاتبوو کە هێرشی داعش بقۆزێتەوە و جێ پێگەی ئێران و هێزەکانی ئێرانی لەوناوچەیە بەهێز بکات و دەیویست درێژایی سنورەکە لەبەردەستی ئەوان و دۆستەکانی ئەواندابن.
 
ئەوناوچەی ئێرەش وەکو ناوچەکانی ڕومادی و تکریت و شوینەکانی تر بکات بە میحوەری خۆیان و سەرەنجام شتێک بەناوی هێزەکانی نێودەوڵەتی نەتوانن لەو ناوچەیە بن، کە لەڕاستیشدا نەیاندەتوانی بەو بارودۆخەی هەیان بوو ئەوان بەرگرییەکی ئەوتۆ لەکوردستان بکەن، ئینجا لە ڕووی ستراتیژیشەوە هەرگیز هەرێمی کوردستان ڕێگە نادات قاسم سلێمانی بێت نەخشەی ستراتیژی سەربازی بۆ هەرێمی کوردستان دابڕێژێت.
 
بۆیە ئەو ناوهێنانەی کە ناوی پەیوەندییەکانی نێوان بەڕێز نیچیرڤان بارزانی و سەرۆک بارزانی لەگەڵ جۆن کێری و جۆ بایدین دێنێ پەیوەندییەکان هەبوونە و ئەمەریکا ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرۆک بارزانی و کاک نێچیرڤان لەپەیوەندی دابوون و هەر ئەوکات رایانگەیاند کە هەرێمی کوردستان بەناوی هەولێرەوە هێڵی سوورە لە ستراتیژی سەربازی ئەمەریکادا، دوای ئەوە هاوکارییەکان دەستی پێکرد، ئێستاش دیارە هاوکارییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و هاوپەیمانان لەچ ئاستێکی بەرز دایە، کە نەک هەر کوردستانی پاراست بەڵکو کوردستان بەهاوکاریی ئەوان توانی پاشەکشە بە تیرۆریستانی داعش بکات و سەرەنجام داعش لەسەردەستی پێشمەرگە و کوردستان کۆتایی پێ دێت.
ئەوە قاسم سلێمانی نەبوو کە نەخشەی دەکێشا بەپێچەوانەوە قاسم سلێمانی نەخشەیەکی پێ بوو دەیویست ئەوناوچەیە وێران بکات، وای لێبکات کە هیچ فەرمانڕەوایەکی هەرێمی کوردستان بەسەر بەرەکاندا نەمێنێ و هیچ ئیرادەیەک نەمێنێ هەروەکو هیچ ئیرادەیەک و فەرمانڕاوییەک بۆ عێراق نەمایەوە و سەرەنجام حەشدی شەعبی کە هەمان بەسیجی ئێرانین دەهاتنە کوردستانیش و ئەو پشێوییەیان دەنایەوە کە لە شوێنەکانی تر ناویانەتەوە.
هەندێ سەرچاوەی نزیک ئەوە تەئکید دەکەنەوە کە جەنابی بارزانی هیچ وەڵامی پێشنیارانەی قاسم سلێمانی نەداوەتەوە، بەڕێز نێچیرڤان بارزانیش پێی گوتووە” ئێمە خۆمان بەرگری دەکەین، ئەگەر ئەوەش بکەین کە تۆ دەیلێی وەک ئەوە وایە ڕێگە بدەین داعش هەولێر بگرێت، بۆیە ئێمە دەزانین چۆن بەرگری لەوڵاتی خۆمان دەکەین، فەرموو جەنابیشت بەسەلامەتی بگەڕێوە ئەو شوێنەی کە لێی هاتووی “.
 
ئینجا لە ڕاستیدا ئەو داستانەی کە سەحەر درووستی کردووە ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ئێمە دەیڵێین نەک ئەوەی سەحەر باسی کردووە، هەیبەتی پێشمەرگەو زانایی سەرۆک بارزانی و دبلۆماسیەتی نێچیرڤان بارزانی ئەو هاوپەیمانیەتە نێودەوڵەتیەیان هێنایە ناو کوردستان و کوردستان لەسایەی پێشمەرگەو فەرماندەیی سەربازی سەرۆک بارزانی پارێزراوە و ئەگەر پێچەوانەی ئەوەبایە خراپمان بەسەر دەهات، هەروەک چۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێران لە ڕووی سەربازیی و ئاسایشەوە لەهەر وڵات و ناوچەیەک بووبێت ئێستا ئەو وڵاتە و ئەو ناوچەیە وێرانەیە وەک حەلەب و یەمەن و شوێنەکانی تریش.
ئەوەمان تەنها بۆ ڕوونکردنەوەی ڕاستیەکان وەک خۆی گووت، بۆئەوەی ڕای گشتی وڵاتەکەمان بزانن لەکاتی تەنگانەدا گفتوگۆکان چۆن بوونە و سەرۆکایەتی کوردستان بەسەرۆکایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی لەسەروەری و سەربەخۆیی ڕای خۆی و ستراتیژی دووری خۆی دانابەزێت.
Back to top button