په‌كه‌كه‌ زیانی ده‌یان ملیار دیناری به‌ر كه‌رتی كشتوكاڵی هه‌رێم گه‌یاندووه‌

خواكوڕك

پارتی كرێكارانی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی فراوان له‌ناوچه‌ سنووریه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا بڵاوبووه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر حسابی خاكی هه‌رێمی كوردستان و دانیشتوانی گونده‌كان، به‌رپرسێكی حكومیش ده‌ڵێت،په‌كه‌كه‌ به‌ به‌های 17 ملیار دینار زیانی به‌ر كشتوكاڵی گوندنشینان گه‌یاندووه‌.

به‌پێی دواین ئاماره‌كان له‌ ئێستادا نزیكه‌ی 700 گوندی ناوچه‌ سنووریه‌كان له‌ پارێزگای دهۆك و هه‌ولێر له‌ ژێر ده‌سی هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌ دایه‌ و ئه‌و ناوچانه‌ له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌ ناونراون ناوچه‌ی قه‌ده‌غه‌ كراو، و دانیشتوانی گونده‌كان یان ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنه‌كانی خۆیان یان ده‌بێت له‌ژێر باج و پاره‌یه‌كی زۆر و له‌ژێر هه‌ژموون و چاودێری په‌كه‌كه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ گونده‌كانیان.

به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ كه‌نه‌یویست ناوه‌كه‌ی ئاشكرابكرێت به‌ خواكوڕكی راگه‌یاند، له‌ڕێگه‌ی ئامێری پێوانه‌یی زه‌ویه‌وه‌ ئه‌و رووبه‌ڕه‌ كشتوكاڵیه‌مان تۆماركردووه‌ كه‌ جوتیاران و گوندنشینان كاركردنیان تێدا قه‌ده‌غه‌ كراوه‌ له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌. هه‌روه‌ها ده‌شڵێت، ئه‌گه‌ر بێت و له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوو به‌رده‌وام كاری تێدا بكرابووایه‌ ئێستا بوژانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینی بوو.

15102016952800_t1
وێنه‌یه‌ك له‌كاتی به‌رهه‌مهێنانی كونجی له‌ ده‌ڤه‌ری ئامێدی

دوای لێكنزیك بوونه‌وه‌ی نێوان حكومه‌تی توركیا و هه‌رێمی كوردستان، دۆخێكی سیاسی له‌بار بۆ په‌كه‌كه‌ هاته‌ پێشه‌وه‌ تاوه‌كو له‌ پرۆسه‌ی ئاشتی توركیا بگاته‌ جۆره‌ رێكه‌وتنێك، و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌شێك له‌خاكی هه‌رێمی كوردستانی به‌مه‌به‌ستی هاوكاری ئه‌و پرۆژه‌یه‌ و ئاگربه‌ستی له‌گه‌ڵ توركیا هه‌ڵبژارد.

له‌سه‌ره‌تادا په‌كه‌كه‌ به‌ سیاسه‌تێكی نه‌رم له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ مامه‌ڵه‌ی ده‌كرد، پاشان له‌ماوه‌یه‌كی كه‌م و رۆژ دوای رۆژ، سیاسه‌تی پاوان خوازی له‌ناوچه‌ سنووریه‌كان پیاده‌كرد و دواتریش ترس و تۆقاندنی له‌ نێو خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ بڵاوكرده‌وه‌. دواین كاره‌ تۆقێنه‌ره‌كه‌شی له‌ 3/12/2016، تیرۆركردنی گه‌نجێكی دانیشتووی گوندی گێزێی سه‌ر به‌ ئامێدی بوو به‌ناوی بەرۆژ رەمەزان عەبداڵ.

Back to top button