ئه‌ردۆگان پلانی نوێی توركیا بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی جیهان ئاشكراده‌كات

خواكوڕك

سه‌رۆك كۆماری توركیا رایده‌گه‌یه‌نێت، “نه‌یارانی توركیا چیدی به‌رگه‌ی توركیا ناگرن، له‌مه‌ودوا توركیا له‌ دۆخی به‌رگریكردنه‌وه‌ ده‌چێته‌ دۆخی هێرشبه‌رییه‌وه”‌. ده‌شڵێت، “چه‌ندین هێزی نێوده‌وڵه‌تی هه‌وڵه‌كانیان چڕكردووه‌ته‌وه‌ بۆ پارچه‌ پارچه‌كردنی توركیا بەڵام بۆیان نەچووەسەر”.

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌میانی به‌ڕێوه‌چوونی 35ـه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ موختارەکانی تورکیا رایده‌گه‌یه‌نێت، “چه‌ندین هێزی نێوده‌وڵه‌تی هه‌وڵه‌كانیان چڕكردووه‌ته‌وه‌ بۆ پارچه‌ پارچه‌كردنی توركیا و پێكهێنانی قه‌واره‌ و پێكهاته‌ی جیاواز له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌یی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌كان، به‌ڵام بۆیان نه‌چووه‌ سه‌ر و هه‌رگیز بۆیان ناچێته‌ سه‌ر”.

ئه‌ردۆگان ده‌شڵێت، “نه‌یارانی توركیا له‌ رێگه‌ی گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كانه‌وه‌ پیلانیان داده‌ڕشت، به‌ڵام بۆیان ده‌ركه‌وت چیدی به‌رگه‌ی ئه‌م وڵاته‌ ناگرن، له‌مه‌ودوا توركیا له‌ دۆخی به‌رگریكردنه‌وه‌ ده‌چێته‌ دۆخی هێرشبه‌رییه‌وه‌. به‌ڕاشكاوی ده‌یڵێم هه‌ڕه‌شه‌ی سیاسی و سه‌ربازی و ئابووری هه‌ر له‌ كوێیه‌ك بێت، هێرش ده‌كه‌ینه‌ ئه‌و شوێنه‌ و سه‌ری مار له‌ناو ده‌به‌ین و ناچینه‌ ژێرباری هیچ گوشارێك و گوێی پێ ناده‌ین”.

له‌باره‌ی قه‌ڵعانی فوراته‌وه‌ پێیوایه‌، “گه‌مارۆدانی ئه‌لباب به‌شێوه‌یه‌كی چڕ درێژه‌ی هه‌یه‌ و ئیدی داعش به‌ته‌واوی هه‌ڵدێت. هه‌روه‌ها به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌یه‌ده‌ و یه‌په‌گه‌ به‌شێوه‌یه‌كی پێداگریانه‌ درێژه‌ی هه‌یه‌ و ده‌بێت. له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ر لایه‌نێك هه‌ڕه‌شه‌ بێت بۆ سه‌رمان ئه‌و ناوچانه‌یان لێ پاكده‌كه‌ینه‌وه‌. هه‌میشه‌ ده‌ڵێم و دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه‌ ناوچه‌ی ئارامی داماڵدراو له‌ تیرۆر، ئه‌وه‌ مافی ئێمه‌یه‌”.

هه‌روه‌ها گوتیشی، “له‌ یەکساڵ و شەش مانگی رابردوودا له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی رێكخراوی تیرۆریستیی جوداخوازدا 871 سه‌رباز، پۆلیس و گوند پارێز، له‌گه‌ڵ 337 هاووڵاتی سڤیلمان شه‌هیدبوون. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا نزیكه‌ی 10 هه‌زار تیرۆریست كوژراون، نزیكه‌ی هه‌زار تیرۆریست و ئه‌وانه‌ی یارمه‌تیان داون ده‌ستبه‌سه‌ركراون. به‌ڵام هیچ كام له‌وانه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئازاری له‌ده‌ستدانه‌كانمان نیین”.

Back to top button