دهۆك : حەوت فرۆشگەی تایبەت بە گۆشتی ئاژەڵان سزادران
بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنمایی لیژنە تایبەتەكانی قائیمقامییەت، لە پارێزگای دهۆك حەوت فرۆشگەی گۆشتی ئاژەڵان سزادران.
قائیمقامییەتی پارێزگای دهۆك بەدەزگا میدیاییەکانی رایگەیاندوە، ئەمڕۆ و لە دووەمین رۆژی جەژنی قوربان، لیژنە هاوبەشەكانی بەدواداچوون لە قائمقامییەتی قەزای دهۆك حەوت شوێنی گۆشتفرۆشیان سزاداوە بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییە تەندروستییەكان.
یوسف محەمەد حەسەن، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامییەت ئاماژەی بەوەكردووە، حەوت فرۆشگەكە كە بریتین لە (سەر گەلی ، سدقی کێستەی ، دهوک ، دژوار باجلوری ، باوەر ، برایان ، بادی) بەهۆی سەرپێچیكردنیان لە رێنماییەكانی لیژنەكان، كە نابێت ئاژەڵان بێجگە لە كوشتارگەكان لە هیچ شوێنێكی دیكە سەرببڕدرێن و ئەوان ئەو كارەیان ئەنجامداوە، بە بڕێك پارە سزاداراون و غەرامەكراون.
گوتیشی، ئەو گۆشتفرۆشانە لە فرۆشگەكانی خۆیان ئاژەڵیان سەربڕیوە و ئەوەش بە هیچ شێوەیەك پەسەندكراو نییە، بەڵكو دەبێت لە كوشتارگەكان ئەو كارە ئەنجامبدرێت.