‌لە داڤۆسەوە بارزانی: هەرگیز واز لە پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان ناهێنین

خواكوڕك
دوای ئەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەشداری كردن لە كۆڕبەندی ئابوری جیهانی سەردانی داڤۆسی كرد, ئەمڕۆ لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئابووری جیهان، لە داڤۆس، بە رۆژنامەوانانی راگەیاند، 2016 ساڵی سەركەوتنی كوردستان بوو، سەبارەت سەربەخۆیی كوردستانیش دووپاتیكردەوە كە هەرگیز واز لە پرۆسەی سەربەخۆیی ناهێنن، بەپێویستیشی زانی پارتی و یەكێتی رێككەوتنیان هەبێت.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بارەی هەڵوێستی سەركردەكانی جیهان گوتی:” ئەوان بە ڕێزەوە سەیری خەباتی كورد دەكەن و وڵاتانی جیهانیش ئامادەن هاوكاری گەلی كورد بكەن, هەروەها تێكشكانی داعش لە مووسڵ مانای لەناوچوونی یەكجارەكی داعش نییە و شەڕ لە دژی ئەو رێكخراوە، درێژخایەن دەبێت.

بارزانی لە داڤۆسەوە راشیگەیاند، لە بارەی سەربەخۆیی گفتوگۆیان لەگەڵ بەغدا كردووە و گوتی: “دەكرێ لەگەڵ بەغدا دوو دراوسێی باش بین” و ئاماژەی بەوەشكرد، كە ناتوانن كاتێكی دیاریكراو بۆ سەربەخۆیی دەستنیشان بكەن, گوتیشی لە ئێستادا هەماهەنگی نێوان هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا زیاتر سەربازییە.

سەبارەت بە چارەنووسی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا بارزانی رایگەیاند، ھێشتا كاتی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا نەھاتووە و، ھەموو ھەوڵێك بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دەدەن, بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا بۆ رۆژنامەوانان لە داڤۆس، لە بارەی رەوشی ناوخۆی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، زۆر گرنگە پارتی و یەكێتی رێككەوتنیان هەبێت, وە ئومێد هەیە گفتوگۆكان بگەنە ئەنجام و دەبێ تەواوی لایەنەكانی كوردستان بەشداری رێككەوتن بن.
بارزانی وێڕای ئەوەی دووپاتیكردەوە، كە ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بەرزە، جەختی لەوەشكردەوە، ھەموو ھەوڵێك دەدەن قەیرانی دارایی چارەسەر بكەن و راشیگەیاند, ئێستا رەوشەكە لەبارە بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان
لەبارەی ئیدارەی نوێی ئەمریكا بارزانی دەلێت:” رەنگە ئیدارەی نوێی ئەمریكا ھاوكاری زیاتری كوردستان بكات.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، تایبەت بە رەوشی رۆژئاوای كوردستان، رایگەیاند ئیرھابێكی گەورە لە رۆژئاوای كوردستان ھەیە و “گەشبین نیم بە داھاتووی رۆژئاوای كوردستان”.
مەسعود بارزانی سەبارەت بە كشانەوەی هێزی پێشمەگە لە ناوچە تازەئازادكراوەكان، دووپاتیكردەوە كە پێشمەرگە لە شوێنە ناوچە تازە رزگاركراوەكان ناكشێتەوە, وە بۆ پرسی شنگال و بوونی هێزەكانی پەكەكە، رایگەیاند، رێگە نادەن پەكەكە چوارچێوەیەكی دیاریكراو بەسەر شنگال بسەپێنێت.

Back to top button