ئومێد خۆشناو : روونكردنەوە لەسەر خانەنیشنبوونی دەدات
ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، بڕیاریداوە تا خۆی لە ژیان بێت و توانای خزمەتی هەبێت خانەنشین نەبێت، بەڵام، نە خاوەنی پڕۆژەو نە خاوەنی مساتەحەو نە كۆمپانیام هەیەو نە پێگەو شوێنی خۆم بەكارهێناوەو بەكار دەهێنم بۆ گیرفانی خۆم، ئیتر دونیا هەزار قەزاو قەدەری تێدایە، ئەگەر ئەمڕۆ لە ژیان نەمێنم تاكە شتی لەدوای خۆم جێبهێڵم بۆ منداڵەكانم مووچەی خۆمە.
ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان لەفەیسبووكی خۆی رایگەیاندووە، من بڕیارمداوە تا خۆم لە ژیان بم و توانای خزمەتم هەبێت خانەنشین نەبم، لە ڕۆژەكۆتاكانی خولی ڕابردووش من و برام فەرسەت سۆفی دەستمان خستە دەستی یەكترو سۆزماندا فۆڕم پڕنەكەینەوەو لای كەسیش تا مردن باس نەكەین، ئێستاش خودانی هەمان باوەڕم و تا مردنیش لێی پاشگەز نابمەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە، خانەنشین بوون جگە لەوەی مافی تاكەكەسە ماف و حەقی ماڵ و منداڵیشە، بۆیە منێك نە خاوەنی پڕۆژەو نە خاوەنی مساتەحەو نە كۆمپانیام هەیەو نە پێگەو شوێنی خۆم بەكارهێناوەو بەكار دەهێنم بۆ گیرفانی خۆم، ئیتر دونیا هەزار قەزاو قەدەری تێدایە، ئەگەر ئەمڕۆ لە ژیان نەمێنم تاكە شتی لەدوای خۆم جێبهێڵم بۆ منداڵەكانم مووچەی خۆمە، بۆیە ڕێگە بەخۆم نادەم ئەو زوڵمەیان لێبكەم، بەڵام سۆزم بە ویژدانی خۆم داوە تا لە ژیان بم خانەنشین نەبم، دوای منیش هیوادارم منداڵەكانم پێویستیان نەبێ، بەڵام ئەگەر پێویستیان بوو، من ئەو ناحەقیەیان بەرامبەر ناكەم، وەك وتم چ سەروەت و سامانێكی پیسخۆریم نیە بۆیان جێبهێڵم.
خۆشناو روونیكردۆتەوە، مەبەستیشمە هەندێ هەڵوێستی ڕابردووش بیر بێنمەوە، لە خولی ڕابردوو خانووی پەرلەمانتاریم پێشكەش بە ڕێكخراوێكی ئۆتیزم كردو خۆم لە خانوێكی ١٢٠ مەتری گەڕەكێكی میللی مامەوە، بەڵام سەدان تۆمەتیان بۆ دروستكردین، لەبری دەستخۆشی وایان وێناكرد كە پێویستیم پێی نیە!.
پەرلەمانی كوردستان رۆژی 1ی تەموز تا 31ی تەموزی دیاریكرد بۆ پڕكردنەوەی فۆڕم بۆ ئەو پەرلەمانتارانەی مووچەی خانەنشینی رەتدەكەنەوە، بەڵام لە كۆی 111 پەرلەمانتار، تەنها 7 پەرلەمانتار فۆڕمەكەیان پڕكردەوە.