پێشمەرگەیەك لەلایەن ئامۆزاکەیەوە کوژرا
شەوى رابردو لە ناحیەى رزگارى، پێشمەرگەیەکى تەمەن (33) ساڵ لەلایەن ئامۆزاکەیەوە کوژرا.
موقەدەم عەلى جەمال وتەبێژى پۆلیسى گەرمیان رایگەیاند، شەوى رابردو لە ناحیەى رزگارى سەر بە قەزاى کەلار، کەسێک بەناوی (هەژار تەها محەمەد) لەدایکبوی (1987) لەماڵەکەی خۆیدا بەچەکی جۆرى کڵاشینکۆف تەقەی لێکراو کوژرا.
بەپێى وتەى برایەکى کوژراوەکە، (هەژار تەها محەمەد) پیشەى پێشمەرگەبووە و کێشەی خێزانی هەبووە لەگەڵ ماڵی مامی، کە زاواى ماڵی مامی بووە.
وتەبێژى پۆلیسى گەرمیان ئاماژەى بەوەکرد، درەنگانێکی شەوی رابردو لەلایەن کوڕی مامەکەى کە دانیشتوی قەزای کفریە، تەقەی لێکراوە و گیانی لەدەستداوە.
ڕاشیگهیاند: لە ئێستادا بەبڕیاری دادوەرو بەپێی مادەی 406 فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبار دەرچووە و پۆلیسیش لەشوێنی ڕوداوەکە دەستی بەلێکۆڵینەوە کردووە.